وەزارەتی پێشمەرگە: ھادی عامری تاوانێکی یاسایی ئەنجام داوە.. دەبێ داوای لێبوردن بکات

هەولێر-KDP.INFO- گوتەبیژی فەرمیی فەرماندەیی ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەگەر (هادی عامری) بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان و سەرۆکایەتیی ھەرێم و پەرلەمان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی پیشمەرگە نەکات، ناچار دەبن بە فەرمی داوا لە پەرلەمانی کوردستان و دادگاکانی ھەرێمی کوردستان بکات، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری وەربگرن.
(فەریق جەبار یاوەر مەندە)، لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا لەبارەی دوالێدوانەکەی (ھادی عامری)، لێدوانە سەیر و سەمەرە و نەگونجاو و نایاساییەکانی (ھادی عامری) تووشی شۆکی کردین، بە تایبەت کە خۆی لە ھەموو کەس زیاتر ئاگادارە کە کوردستان دەیان ساڵە پەناگەی ئەمینی ئەو و بنکە و بارەگاکانی ھێزەکانی (بەدر) بووە.
دەقی روونکردنەوەکە:
لەم قۆناخە میژوویی و ھەستیار و پڕمەترسی و کێشەیەی کە پێیدا تیپەڕ دەبین لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا بە گشتی و لەم کاتەدا کە زۆر پێویستە ھەموومان بەیەکەوە بە کورد و عەرەب و تورکمان و کەمینە نەتەوایەتی و ئایینی و تاییفیەوە، بەرەنگاری ھەڕەشە و مەترسییە گەورەکانی تیرۆر و تیرۆریستان ببینەوە کە لە ئیستاکەدا و لە جیاتی گشت جیھان، کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەریمی کوردستان و ھێزەکانی پاراستنی ھەریم بوونەتە ھێڵی یەکەمی بەرگری و فیداکاری و و تیرۆر و تیرۆریستان، لێدوانە سەیر و سەمەرە و نەگونجاو و نایاساییەکانی (ھادی عامری) تووشی شۆکی کردین، بە تایبەت کە خۆی لە ھەموو کەس زیاتر ئاگادارە کە کوردستان دەیان ساڵە پەناگەی ئەمینی ئەو و بنکە و بارەگاکانی ھێزەکانی (بەدر) بووە و، ھێزەکانی پێشمەرگەش دەیان ساڵە پشتیوان و ھاوکار و پارێزەری ئەو و ھێزەکانی بەدر بوون لە سالەکانی (1980)-وە تا (2003) و لە پاشاندا ھەر خودی خۆی و لە لێدوانەکانی ئەم دواییەیدا دانی بەوەدا ناوە کە ھێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2003-وە، چەندان جار لە زۆر ناوچەی ناوەراست و خوارووی (عێراق)-دا وەکو (بەغدا و موسڵ و فەللوجە و دیالە… ھتد) پشتیوانی ھێزەکانی سوپای عێراق و خودی خۆی و ھێزەکانی بەدر بوون و سەرەڕای ئەوەش بە گشتی و بە تایبەتی دوای رووداوەکانی (10\6\2014)-یش و دوای ئەوەی لە ماوەی ھەفتەیەکدا زیاتر لە (6) فیرقەی سەربازیی سوپای عێراق و دوو فیرقەی پۆلیسی فیدراڵی عێراق داڕووخان و گشت ناوچەکانی سەر بە پارێزگاکانی (نەینەوا و سەڵاحەددین) و ھەندێک ناوچەی سەر بە پارێزگاکانی (دیالە و کەرکووک و رومادی)-یان چۆڵ کرد و ھەرچیی چەک و تەقەمەنی و ئامێری سەربازییان ھەبوو بە ئاسانی رادەستی گرووپە تیرۆریستییەکان کرد، ئا لەو کاتەدا و لەم ھەلومەرجەشدا، تەنیا و تەنیا ھێزەکانی پێشمەرگەی وەزارەتی پیشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پاراستنی ھەرێم و گەلی کوردستان بوون، کە بە گشتی سەرەڕای بڕینی بودجە و کەمیی چەک و ئامێر و تەقەمەنیی سەربازی، دیوارێکی پۆڵایینیان بەرامبەر ھێرشی تیرۆریستان دامەزراند و پێشڕەوییان ڕاگرت و تەنانەت لە ئێستاکەدا ئەوەی رێگای داوە بە ھاتنی (ھادی عامری) و ھێزەکانی (بەدر) بۆ کوردستان و بە تایبەتی بۆ ناوچەی (خورماتوو) و ئەوەی پشتیوانی خودی (ھادی عامری) و ئەو ھێزانەی (بەدر) و سوپای (عێراق) کرد، لە شکاندنی گەمارۆی سەر دانیشتوانی (ئامرلی) و رزگارکردنی (سلێمان بەگ) و ناوچەکانی سەر بە (حەمرین) ھەر ھێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزاەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی پاراستنی ھەرێم بوون.
لەبەر ئەو راستیانەی کە لە سەرەوە دیاریی کران، بە گشتی و لەبەر بەردەوامیدان بە برایەتی و یەکریزی و یەکئامانجی و ھەماھەنگی و ھاوکاری و پشتیوانیی یەکتر بۆ ھەڵکەندن و ریشەکێشکردنی تیرۆر و تیرۆریستان و جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و تاییفی لە عێراق و ناوچەکە بە گشتی و لەبەر نواندنی رێز بۆ گەلی کوردستان و کورد و ھێزەکانی پێشمەرگە و شەھیدان و بریندارانی رێگای ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەبەر حورمەتی سەرۆکایەتیی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم و دەستوور و یاساکان، داواکارین لە (ھادی عامری) بە شیوەیەکی فەرمی، داوای لێبوردن بکات لە (گەلی کوردستان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پیشمەرگە و ھیزەکانی پیشمەرگە) چونکە بە ناوزەدەکردنی ھێزەکانی پێشمەگە و وەزارەتی پێشمەرگە بە ھێزی (نایاسایی و فاشل و کارتۆنی) تاوانێکی یاسایی ئەنجام داوە بەرامبەر ھێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە ئەگینا ناچار دەبین ئەگەر وا نەکات بە شێوەیەکی یاسایی و لە پێناوی داکۆکیکردن لە مافەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە و پیرۆزیی شەھیدان و بریندارانی پیشمەرگە، بە شێوەیەکی فەرمی داوا بکەین لە پەرلەمانی کوردستان و دادگاکانی ھەرێمی کوردستان، رێ و شوێنی یاسایی بەرامبەری وەربگرن."
بڵند ئیبراھیم




