وەزیری پەروەردە: دەبێ ڕۆتین و واسیتە نەهێڵرێن

ھەولێر-KDP.INFO- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(پشتیوان سادق) ڕایگەیاند، کە ھەوڵ دەدەن رۆتین نەھێڵن و ئەرکەکان لە رووی دابەزاندنی دەسەڵاتەوە ئاسانتر بکرێن و لە پشتگیریی ناڕەوا و واستەکاری خۆ بردوور بگیردرێت. سەبارەت بەو داواکارییەی مامۆستایان کردبوویان بۆ دواخستنی دەوامی خوێندن، گوتی، "جێیبەجێنەکردنی، مانای ئەوە نییە ئەمە دوایەمین کارمان بێت پێکەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکان لە کۆی حەوتھەزار قوتابخانە، تەنیا 750 قوتابخانە لێقەوماو و ئاوارەکانی تێدان، بۆیە دەوامنەکردن دەرئەنجامی نەرێنی زیاترە."
ئەم گوتانەی وەزیری پەروەردە(پشتیوان سادق) لە میانەی بەشداریکردنی بوو لە کۆبوونەوەی لیژنەی ڕاپەڕاندانی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان کە ئەمڕۆ پێشنجشەممە، لە سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی سەڵاحەددین ئەنجام درا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، ھەریەک لە ئەندامانی لیژنەی ڕاپەراندن، بیروبۆچوون و پێشنیازەکانیان سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکانیان لە رووی گرفتی پەروەردەیی و ئاراستەی باشترکردنی کەرتی پەروەردە و خوێندن خستە ڕوو، وەزیری پەروەردە لەلایەن خۆیەوە ئاماژەی دا پێویستە (ی. م . ک) پاڵپشتی سەرەکیی وەزارەت بێت بۆ کارئاسانی و باشتر بەڕێوەچوونی کاروبارەکان لە ڕووی زانستی و ئیدارییەوە.
لە درێژەی باسەکاندا جەخت کرایەوە، لەم کاتەدا پێویستە بە ھاوشانی برا پێشمەرگەکان لە سەنگەری خزمەتی پەروەردە و فێرکردن بن و، ئەو دۆخەی لەم دواییەدا ھاتووەتە ئاراوە، پێویستی بە یەکگرتن و پاڵپشتیکردنی یەکترە.
سەبارەت بە سیستەمی پەروەردە وەک ئەرکی وەزارەت، (پشتیوان سادق) دووپاتی کردەوە، "دەبێت ھەوڵ بدەین رۆتین نەھێڵین و ئەرکەکان ئاسانتر بکرێن لە رووی دابەزاندنی دەستەڵات و دوور بکەوینەوە لە پشتگیریی ناڕەوا و واستەکاری."
ھەروەھا ئاماژەی دا کە، سەرجەم مامۆستایان جێگای شانازین و سەبارەت بەو داواکارییەی کردبوویان بۆ دواخستنی دەوامی خوێندن، گوتی، "جێیبەجێنەکردنی مانای ئەوە نییە ئەمە دوایەمین کارمان بێت پێکەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکان لە کۆی حەوتھەزار قوتابخانە، تەنیا زیاتر لە 750 قوتابخانە لێقەوماو و ئاوارەکانی تێدان، بۆیە دەوامنەکردن دەرئەنجامی نەرێنی زیاترە."
بڵند ئیبراھیم




