٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەیان سامی عەبدولرەحمان: پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەکارهێنانی وشەی جینۆساید، نەترسێت

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن-KDP.INFO-  نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا(بەیان سامی عەبدولرەحمان)، لە پەرلەمانی بەریتانیا ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ژنێفی ساڵی 1948، تاوانی جینۆساید بەرانبەر بە ئێزدییەکان ئەنجام دراوە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەکارهێنانی وشەی جینۆساید، نەترسێت و دەبێت بەرپرسیارەتییەکانیان لەم ڕووەوە بە کار بهێنن.

گرووپی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا، دیدارێکی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار(نازم زەهاوی) ساز کرد و، تیایدا میوانداریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا(بەیان سامی عەبدولرەحمان)-ی کرد بە مەبەستی گوێگرتن لە دواپێشهاتەکانی بارودۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ژمارەیەك کەسایەتی تریش ئامادەی بوون، کە ئەندام نین لە گرووپی ناوبراو، نوێنەری حکوومەتی هەرێم ڕۆشنایی خستە سەر تەنگژەی پەنابەران لە کوردستان کە ژمارەیان ملیۆنێك و چوارسەدهەزار پەنابەرە، کە  بووەتە تەنگژەیەکی مرۆییی کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەبێ هیچ دواکەوتنێك، هاریکاریی ئەو پەنابەرانە بکات. هەروەها ئاماژەی دا کە ئەو تەنگژەیە کاریگەرییەکی نەرێنی دروست کردووە لەسەر بارودۆخی کوردستان، چونکە حکوومەتی بەغدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی ڕاگرتووە. هەروەها گوتی ئەو پەنابەرانە پێویستیان بە هاریکاریی دەستبەجێ هەیە، چونکە لە بارودۆخێکی سەخت و دژوار و سادەترین بنەماکانی ژیان دەژین، بە تایبەتیش کە بەرەو وەرزی زستان دەچین.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا هەروەها گوتی، پێویستە هاوپەیمانیەتیێکی هەرێمی و جیهانی پێک بهێنرێت بۆ لەناوبردنی داعش، چونکە ئەو گرووپە تیرۆریستییە، هەڕەشەیە لەسەر هەموو جیهان. هەروەها گوتی، "دەبێت جیددیانە بیر لەوە بکەینەوە، چۆن بارودۆخێک بڕەخسێنین بۆ گەڕاندنەوەی کوردە ئێزدیەکان و مەسیحییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە گوندەکانیان، کە بە هۆی هەڕەشە و کارە دڕندەییەکانی داعشەوە ئاوارە بوون." خاتوو (بەیان سامی عەبدولرەحمان) زیاتر گوتی: "بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ژنێفی ساڵی 1948، تاوانی جینۆساید ئەنجام دراوە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەکارهێنانی وشەی جینۆساید، نەترسێت و دەبێت بەرپرسیارەتییەکانیان لەم ڕووەوە بە کار بهێنن."

لە لایەکی ترەوە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کودرستان لە بەریتانیا باسی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق کرد و، گوتی، پێویستە حکوومەتی نوێی عێراق، بنکەفراوان و کراوە بێت و، کورد هاوبەشی ڕاستەقینە بێت لە بەڕێوەبردنی وڵات.

شایانی باسە لەو ماوەیەی دواییدا ژمارەیەك داواکاری و ڕوونکردنەوە و پرسیار لە مەڕ داعش ئاڕاستەی پەرلەمانی بەریتانیا کراون و گفتوگۆیان لەسەر کراوە. ئەندامانی گرووپی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا و دۆستانی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر چالاکانە، بەشدارییان لەو گفتوگۆیانە کردووە و پشتگیرییان لە کوردستان کردووە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار