بە دەستبەکاربوونی عەبادی، مووچەی هەش مانگی هەرێم ڕەوانە دەکرێ.. ماوەی ساڵێک بۆ ماددەی 140 دیاری کراوە

بەغدا-KDP.INFO- پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئاگادار کرابووینەوە کە ئەمڕۆ متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەتی نوێی عێراق بدرێت، بەڵام ئەو کارە نەکرا و ئەگەری ئەوە ھەیە شەممەی داھاتوو بەڕێوە ببرێت. گوتیشی، وەها ڕێک کەوتوون، لە یەکەم هەفتەی دەستبەکاربوونیدا، (حەیدەر عەبادی) مووچەی هەش مانگی هەرێم ڕەوانە دەکات.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی (سەلیم شوشکەیی) بەKDP.INFOی راگەیاند: "پێکھێنانی کابینەی نوێ نزیک بووەتەوە و، سەرۆکی پەرلەمان ئاگاداری کردینەوە کە ئەمڕۆ ھەر کاتێک پێمان راگەیندرا ئامادە بن بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمان، بەڵام هێشتا ئاگادار نەکراوینەتەوە، بۆیە رەنگە بکەوێتە رۆژی شەممە، چونکە ھەموو رێکارە یاساییەکان تەواو بوون، لایەنەکانیش زۆر لەیەک نزیک بوونەتەوە."
سەبارەت بە داواکارییەکانی کورد، (سەلیم شوشکەیی) گوتی، "شاندی دانوستانکاری کورد داوای کردووە کە، مووچەی ھەشت مانگی ھەرێمی کوردستان لەسەر یەک خەرج بکرێت، ئەوانیش رازی بوون، بەڵام داوا دەکەن بە دوو جار بدرێت و، بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستانیش وەک خۆی 17%دەمینێت، خەرجکردنی ئەو پارەیەی ھەرێمی کوردستانیش لە یەکەم ھەفتەی دەستبەکاربوونی (حەیدەر عەبادی) دەبێت."
ئەو پەرلەمانتارە روونیشی کردەوە، "بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140-یش یەک ساڵ وەک سەقفی زەمەنی دانراوە و، بۆ پرسی پێشمەرگە ھەر لە چوارچێوەی سوپای عێراقدا دەمینێتەوە، بەڵام داوامان کردووە پێشمەرگە تایبەت بێت بە ھەرێمی کوردستان و، ئەوانیش داوا دەکەن لە چوارچێوەی عێراقدا بێت، کە هێشتا ئەم پرسە یەکلایی نەبووەتەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت."
سەبارەت بە وەزارەتەکان (شوشکەیی) گوتی، "تا ئێستا ئەوەی باسی لێوە دەکرێت، کە چوار تا پێنج وەزارەت بۆ کورد دەبن، لەوانەیش وەزارەتی دەرەوە یەکلایی بووەتەوە و، داوای وەزارەتی داراییش دەکەین، بەڵام هێشتا دابەشکردنی وەزارەتەکان بە تەواوەتی یەکلایی نەکراونەتەوە."
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا شاندی دانوستانکاری کورد لەگەڵ ھاوپەیمانیی نیشتیمانیدا لە کۆبوونەوەدان و و گفتوگۆکان بەردەوامن."
بڵند ئیبراھیم




