٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە ناكشێنەوە و بەرگری لە خاك دەكەن.. پەرلەمانی كوردستان شەرعییەتی پێ داون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی (هادی عامری) دەداتەوە و دەڵێت، "پەرلەمان شەرعییەتی بە مانەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكانی سنووری ماددەی 140 داوە، هەر ئەوانیشن ئەو ناوچانە دەپارێزن و ناكشێنەوە."

لە وەڵامی سەرۆكی سوپای بەدر (هادی عامری) كە گوتبووی مانەوەی پێشمەرگە لە كەركووك نایاسایی و ناشەرعییە و دەبێت لەو شارە بكشێنەوە، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان (فەخرەدین قادر) بۆ KDP.info ڕایگەیاند، "هێزی پێشمەرگەی كوردستان پارێزەری ئەو ناوچانە بووە كە سوپای عێراق تێیاندا كشاونەتەوە و شكستیان هێناوە، ئێمەیش لە پەرلەمانی كوردستان ڕەزامەندیمان لەسەر ئەوە نیشان داوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان پارێزەری ئەو ناوچانەیە بە كورد و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەوە و ناكشێنەوە، بۆیە جەخت دەكەینەوە كە مانەوەی هێزی پێشمەرگە لە شوێنی خۆیان، بابەتێكی یاساییە كە لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كراوە و مافێكی یاسایی هەرێمی كوردستانە".
گوتیشی، "ئەو قسانەی (هادی عامری) دەچێتە ئەو قاڵبەی كە نایانەوێت خزمەتی هێزی پێشمەرگە بكەن و دەبێت لە ڕێگەی شاندی دانوستاكاری هەرێمی كوردستانەوە ئەوە لەلای ئەو جۆرە كەسانە بچەسپێندرێت كە پێشمەرگە هێزێكی یاسایی و دەستوورین و مانەوەیشیان لەو شوێنانەدا یاساییە".
كارزان هەورامی   

هەواڵی پەیوەندیدار