ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان: ستەمێكی گەورەیە كەسانێكی بێئاگا لە رەوتی رووداوەكان، لێدوانی چەواشەكارانە بدەن

هەولێر-KDP.INFO- ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایدەگەیەنێت، "ئەنجوومەنی ئاساییش رۆڵی سەرەكیی هەبووە لەو هەماهەنگییانەی كە بۆ لێدانی هێزەكانی داعش لە ئارادا بووە و بە شێوەیەكی مەیدانییش ئەفسەرانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاساییش لە مەیدانی بەرگریدا بوونە و تا ئێستا چەندین ئەفسەرمان شەهید و بریندار بوون". هاوکات داوا لە سەرۆكی پەرلەمان و لیژنەكانی ئەمنی و پێشمەرگەی سەر بە پەرلەمان دەكات سەردانیان بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئەو هەوڵ و رێكارانەیان ببینن، كە كاریگەریی زۆری لەسەر لاوازكردنی دوژمن و رێكخستنەوەی هێزەكان و هەماهەنگییە مەیدانییەكاندا هەبووە.
ئەمەیش دەقی ڕوونكردنەوەكەیە:
روونكردنەوەیەكی پێویست بۆ رای گشتی..
لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی ناسكدا تێدەپەڕێت و تەنگژەی گەورەی ڕووبەڕوو بوونەتەوە، بەداخەوە هەندێ لە پەرلەمانتارە بەڕێزەكان لە رۆژانی رابردوودا بە بێ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە، زانیاریی ناڕاست لەسەر رۆڵی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان لە میدیاكاندا بڵاو دەكەنەوە و رۆڵی ئەم پێكهاتە گرینگە بە پاڵنەری سیاسیی تەسك دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان بە گشت پێكهاتەكانییەوە لە ساڵانی رابردوودا بە وردی چاودێریی مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستانی كردووە و ناوە ناوە هۆشداریمان داوەتە لایەنە پەیوەندارەكان، تەنانەت رای گشتیمان لە ئاستی هەڕەشەكان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە هەر ئەو كەسانە ئەوسا رایاندەگەیاند، كە هیچ مەترسییەك لەسەر هەرێمی كوردستان نییە، بە قسەی ئەمانە گوایە باسكردنی مەترسییەكان تەنیا بۆ رەخساندنی هەلی زیاتر بووە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەكان.
ئێمە لە ئاستی هەرێمی كوردستان و تەنانەت عێراقی فیدراڵیشدا لەبارەی هەڕەشەی داعشەوە زانیاریمان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان بەر لەوەی ئەم گرووپە تیرۆریستییە ئاڕاستەی هێرشەكانی بەرەو هەرێمی كوردستان بگۆڕێت، خودی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش هۆشداری دابوو، تەنانەت لە چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ میدیا نێودەوڵەتییەكاندا (بۆ نموونە ئاژانسی رۆیتەرز لە ناوەڕاستی مانگی تەمووز) ئاماژەی بەوە دابوو، كە پێویستە هەرچی زووتر پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پڕچەك بكرێت.
لێرەوە پێویستە بۆ پەرلەمانی بەڕێزی كوردستان و رای گشتیی هەرێمی كوردستانی روون بكەینەوە، كە ئەنجوومەنی ئاساییش و پێكهاتەكانی زۆر كارا و بەرفرەوان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەشدارییان لە هەڵمەتی بەرگری لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڕێزان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بە وردی ئاگاداری ئەم هەوڵانەی ئەنجوومەنی ئاساییش بوون.
لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا ئەنجوومەنی ئاساییش رۆڵی سەرەكیی هەبووە لەو هەماهەنگییانەی كە بۆ لێدانی هێزەكانی داعش لە ئارادا بووە و بە شێوەیەكی مەیدانییش ئەفسەرانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاساییش لە مەیدانی بەرگریدا بوونە و تا ئێستا چەندین ئەفسەرمان شەهید و بریندار بوونە. ئێمە بە ناڕەوا و بە ستەمێكی گەورەی دەزانین، كە كەسانێك بە بێ ئەوەی هیچ ئاگادارییەكیان لەسەر رەوتی رووداوەكان هەبێت، لە پێناو ئامانجێكی تەسكی سیاسی لێدوانی چەواشەكارانە بدەن.
بە هۆی هەستیاریی زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە رەوشی سەربازی و مەیدانی، ناكرێت هەموو كار و هەوڵەكانمان لە دەزگاكانی راگەیاندندا رەنگ بداتەوە، بەڵام لێرەوە داوا لە بەڕێزان سەرۆكی پەرلەمان و لیژنەكانی ئەمنی و پێشمەرگەی سەر بە پەرلەمان دەكەین سەردانمان بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئەو هەوڵ و رێكارانەمان ببینن، كە كاریگەریی زۆری لەسەر لاوازكردنی دوژمن و رێكخستنەوەی هێزەكانمان و هەماهەنگییە مەیدانییەكاندا هەبووە.
هیوادارین نوێنەرانی راستەقینەی گەل لە نزیكەوە شەونخوونی و تێكۆشانی دامودەزگاكانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاساییش ببینن و بە ویژدانەوە راستییەكان وەك خۆی بۆ رای گشتی بگوازنەوە.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان
4/9/2014




