ئاشتی هەورامی: توركیا كڕیارێكی باوەڕپێكراوی كوردستانە

ئیستانبووڵ-KDP.INFO- وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "پرسی فرۆشتنی نەوتی كوردستان، پرسێكی سیاسییە و توركیایش كە بۆ فرۆشتنی ئەو نەوتە هاوكاریمان دەكات، كڕیارێكی باوەڕپێكراوە".
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (ئاشتی هەورامی) لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسی "ماپینگ دی فاتورە ئۆف ئەنەرژی" لە ئیستانبووڵ، گوتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، دەركەوتنی داعش و هێرشكردنی بۆ سەر عێراق، كاریگەرییەكی یەكجار زۆری لەسەر عێراق و رەوشی ئەو وڵاتە هەبوو و بە هۆی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێرەوە، نزیكەی ساڵێكە بەغدا پارەی كارمەندان و هێزی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی نەناردووە و هێشتایش كۆمەڵًگەی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بەپێی پێویست هاوكاریی كوردستانیان نەكردووە.
(هەورامی) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی، "بۆ ئەوەی بتوانین یەكپارچەیی عێراق بپارێزین، پێویستیمان بە هاوكاریی سەربازیی وڵاتانی دۆست هەیە و هەرێمی كوردستان كە دانیشتووانەكەی نزیكەی پێنج ملیۆنە، حاڵی حازر پێشوازی لە زیاتر لە 1.4 ملیۆن ئاوارە دەكات".
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێم بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانی دا، "داعش لە عێراق دەستی بەسەر چەند وێستگەیەكی وزەدا گرتووە، بۆیە لەگەڵ دراوسێكانمان پێویستە بە باشترین شێوە هاوكاری و هەماهەنگیی یەكتر لە دژی داعش بكەین، چونكە پێویستە رێگری لە كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی وزە لە لایەن داعشەوە بكەین".
لەبارەی نەوتی كوردستانیشەوە، (ئاشتی هەورامی) ئاماژەی دا، "پرسی فرۆشتنی نەوتی كوردستان، پرسێكی سیاسییە، بەڵام توركیا بۆ گەیاندنی نەوتی كوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەكان هاوكاریی ئێمەی كرد و ئەو وڵاتەیش كڕیارێكی باوەرپێكراوە".
(هەورامی) هەروەها باسی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە عێراق كرد و ئاماژەیشی بە مەرجەكانی كورد بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێ دا و گوتی، "لە بەغدا پێویستیمان بە حكوومەتێكی بنكەفراوان هەیە، پێویستە هێز، داهات و وزە بە شێوەیەكی دادمەند و یەكسان دابەش بكرێن، پێویستە لە بەغدا حكوومەتێكی لامەركەزی دابمەزرێنرێ".
بە هۆی هێرشەكانی داعش و نائارامییەكانی عێراقەوە، چەند كۆمپانیایەكی نەوتی دەستیان كێشاوەتەوە، بەڵام ئێستا ترس نەماوە و رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتیش كەمی نەكردووە.
هیوا ئەردەلان




