مەترانی دهۆک: پێداویستى بۆ سەرجەم ئاوارەکان دابین کراوە

دهۆک-KDP.info- مەترانی گشتیی پارێزگای دهۆک دەستخۆشی لە حکوومەت و خەڵکی دهۆک دەکات کە بە هانای لێقەوماوانەوە چوون و دەشڵێت، بێ جیاوازی خزمەتی ئاوارەکان کراوە.
مەترانی پارێزگای دهۆک (مەتران ڕەبان ئەلقس) بە KDP.info-ی ڕایگەیاند، "دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی دامەزراوە حکوومییەکان و خەڵکی دهۆک دەکەم کە بە یەک تیم کاریان بۆ خزمەتکردنی سەرجەم ئاوارەکان بە بێ جیاوازی کردووە".
ئەوەیشی خستە ڕوو کە ئەوەی جێی ستاییشە، بە بێ بیرکردنەوە لەوەی ئاوارەکان سەر بە چ ئایین و ئایینزایەکن و لە چ شوێنێکەوە هاتوون، هاوکاری کراون و حکوومەت و پارێزگاری دهۆک لە خەمیاندا بوون.
گوتیشی، "پێداویستییەکان بە شێوەیەکی باش بۆ سەرجەم ئاوارەکان دابین کراون، ئەوەش جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشییە".
ئێستا زیاتر لە 800 هەزار ئاوارە لە شاری دهۆک نیشتەجێن کە بەشێکیان لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێکی دیکەیان لە دوای هاتنی داعش بۆ عێراق ڕوویان لەو پارێزگایە کردووە.
حەکیم حیکمەت




