جەعفەر ئێمینكی: ئەڵمانیا لە هەلومەرجێكی هەستیاردا بە هانای كوردستانەوە هات

هەولێر-KDP.INFO- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەم جارە كومەڵگەی نێودەوڵەتی بە خێرایی بە هانای گەلی كوردستانەوە هاتن و ئەڵمانیایش بە تایبەتی لە هەلومەرجێكی هەستیاردا یارمەتیی هەرێمی كوردستانی دا.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) ئەمڕۆ چوارشەممە 3/9/2014 پێشوازیی لە ژمارەیەك قوتابیی بواری سیاسەت و راگەیاندنی وڵاتی ئەڵمانیا كرد، كە بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشەكە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
لە سەرەتای دانیشتنەَكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و ئاماژەی بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان دا كە لە ئەنجامی شەڕی دژەتیرۆر و هەڕەشەی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەسەر هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دووچاری چەندین قەیران بووە و لەم بارەیەوە رۆڵی پەرلەمانی كوردستانی لە بەدواداچوونی ئەم رەوشە لە ڕێی دروستكردنی چەند لیژنەیەك و ئامادەكردنی راپۆرتی تایبەت روون كردەوە و گوتی، "ئێمە چاوەڕێی دونیای ئازادین و ئەم جارە كومەڵگەی نێودەوڵەتی بە خێرایی بە هانای گەلی كوردستانەوە هاتن". سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیایشی كرد كە بڕیارێكی زۆر بەجێی وەرگرت بۆ پشتیوانیی پێشمەرگە و ئەو بڕیارەیشی بە بریارێكی بوێرانە وەسف كرد.
دواتر ئەندامانی شاندەكە چەند پرسیارێكیان ئاراستەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كرد، دەربارەی رەوشی ئێستای كوردستان و پێكهاتەی پەرلەمان و كاری لیژنەكان و پرسی ریفراندۆم و چۆنیەتیی ئەنجامدانی و بەرەوپێشچوونی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە و ئاماژەی بە هەوڵەكانی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ دەرچوواندنی یاسایەك لەمەڕ نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر پێكهاتەكانی كوردستان و هەروەها دەرچوونی یاسەیەكی تایبەت بە ریفراندۆم.




