٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە رەوشی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان دەكۆڵێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info- شاندێكی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) بە مەبەستی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەسەر رەوشی ئاوارەكان، گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كۆ بووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، داوای زانینی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ چۆنیەتیی یارمەتیدانی ئاوارەكان بە تایبەتی گەڕانەوەیان، كرد.
(دیندار زێباری) سەبارەت بەم پرسە بە شاندەكەی رایگەیاند، پێویستە بەغدا یارمەتیی دارایی هەرێم بدات بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و كار بۆ گەڕانەوەیان بكرێت كە ئەویش تەنیا بە دابینكردنی ئاساییش و سەقامگیری بۆ ناوچەكانیان مسۆگەر دەبێت، هەرچەندە كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ژمارەیەك كەمپی بۆ ئاوارەكان دروست كردووە، بەڵام چارەی كۆتایی، گەڕانەوەی ئاوارەكانە، نەك مانەوەیان لەناو كەمپەكاندا.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە هەروەها سەبارەت رەوشی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان بە شاندەكەی گوت، خەڵكی كوردستان مێژوویەكی درێژی لەگەڵ ئاوارەبوون هەیە كە لە دەیەكانی هەشتا و نەوەد لە سەردەمی رژیمی بەعس ئاوارەییەكی زۆری چەشتووە.
تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە كاریگەریی ئاوارەی ناوخۆیی لەسەر پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان بوو كە لەلایەن شاندەكەی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتییەوە گرنگییەكی زۆری پێ درا.

(زێباری) سەبارەت بەم پرسە گوتی، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی ناوخۆیی بۆ هەرێمی كوردستان، نەك تەنیا كاریگەری كردووەتە سەر پەنابەرانی رۆژئاوا، بەڵكە كاریگەری بۆ سەر خەڵكی كوردستانیش دروست كردووە.
زانینی پەیوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكان، بابەتێكی گرنگی شاندەكەی لێبووردنی نێودەولًَەتی بوو، نوێنەری حكوومەتی هەرێمیش بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یوئێن ڕایگەیاند، "پەیوەندییەكانمان زۆر باشە، بەڵام پێویستیمان بە یارمەتیی زیاتری پراكتیكی هەیە. یوئێن تا ئێستا زیاتر رۆلََّی چاودێری لە پرۆسەی سیاسی گێڕاوە، بەڵام بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم رەوشە پێویستە بە پڕاكتیك هەنگاوی زیاتر بهاوێژێت".
شاندەكەی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە هەریەك لە راوێژكاری مافی ئاوارە و پەنابەران لە رێكخراوەكە (فرانسێسكا پیزوتپلی) و لێكۆڵەری پرسە جیهانییەكانی مافی مرۆڤ (جەیمس لینچ) پێك هاتبوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار