ئەم جارەیش (مالیكی) ئامادە نەبوو بێتە پەرلەمان

بەغدا-KDP.INFO- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی ڕووداوەكەی سپایكەرەوە بەردەوامە و (نووری مالیكی)ـیش بە بیانووی سەرقاڵبوون بە شەڕ لەگەڵ داعشدا، ئامادەی ئەو دانیشتنە نەبووە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د. ئەشواق جاف) بە kdp.info-ی گوت، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە میوانداریی كەسوكاری قوربانیانی سپایكەر و بەرپرسانی ئەمنی كە لەنێویاندا وەزیری بەرگری بە وەكالەت هەیە، دەستی پێ كرد، بەڵام تاوەكو ئێستا بەرپرسانی ئەمنی هیچ وەڵامێكی باوەڕپێكراویان پێ نییە، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان بۆ ماوەی نیو سەعات كۆبوونەوەكەی دوا خست.
(جاف) گوتیشی، بڕیار بوو (نووری مالیكی)ـیش لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادە بێت، بەڵام بە بیانووی سەرقاڵبوون بە جەنگەوە ئامادە نەبوو.
ئەو زیاتر ڕوونی كردەوە، بڕیارە دانیشتنەكە دەست پێ بكاتەوە و هەندێك شایەتحاڵ لەبارەی رووداوەكەوە قسە بكەن.
بڵند ئیبراهیم




