ئۆجەلان بۆ پەکەکە: لە شنگال نەمێننەوە، چونكە داگیركردنی خاكێك ئاكامی باشی نابێ.. داوامان لە (بایك) كردووە، دژایەتیی ئازادیی نەتەوەیی كورد نەكات

هەولێر-KDP.info- (عوسمان ئۆجەلان)-ی برای ڕێبەری زیندانیکراوی پارتیی كرێكارانی كوردستان(عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دەڵێت، دوو باڵ لەناو پەكەكەدا ئەو حزبەیان پاش خستووە و دەیانەوێت سیاسەتی تاكڕۆیی خۆیان، بەسەر بەشەكانی دیكەی كوردستاندا بسەپێنن. ڕوونیشی دەكاتەوە كە پەكەكە و پەیەدە دەخوازن ئەو شكستەی لە باكوور بردیان، لە باشووری كوردستانیش دووبارەی بكەنەوە. هاوکات ئامۆژگارییان دەکات کە مانەوەیان لە شنگال ئاکامی باشی نابێ.
ئەندامی پێشووی جڤاكی سەركردایەتیی پەكەكە (عوسمان ئۆجەلان) بۆ KDP.info ڕوونی کردەوە، "پەكەكە جاران دەیگوت دەبێت هەر چوار پارچەكەی كوردستان ئازاد بكرێن، پلانێكیان هەبوو كە لە هەر چوار بەشی كوردستان سیاسەت بكەن و دەیانگوت كوردستانێكی سەربەخۆ و یەكگرتوو و دیموكراتمان دەوێت، بەڵام ئەو كاتەی (ئۆجەلان) زیندانی كرا دەستیان لەو دروشمە بەر دا و، دواتر بیریان لە بیرۆكەی دەستوەردان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان كردەوە، ئەوان دەیانەوێت هەژموونیان لە پارچەكانی دیكە پەرە پێ بدەن، ئێستایش كە خۆیان ناتوانن ئەوە بكەن، دێن لە ڕێگای پەیەدەوە سیاسەتی خۆیان دەسەپێنن. پەكەكەیش ئێستا لە مەیدانی سووریایە كە ڕۆژئاوای كوردستانە و بە هەمان نەفەسی قۆرخكارانە لە باكوور كار دەكەن."
(ئۆجەلان) باوەڕی وایە، بۆ یەكگرتنی كوردستان، دەبێت سیاسەت بە ڕێككەوتن و دانوستان بكرێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، "ئێستا پەكەكە نەك بە دروشم، بەڵكە لە ئەرزی واقیعدا دەستی لە سەربەخۆبوون و یەكگرتنی كوردستان بەر داوە و سیاسەتی باڵ پێڕۆ دەكات"، زیاتر ڕوونی کردەوە، "لە ڕۆژهەڵات پژاكی دروست كردووە، لە ڕۆژئاوا پەیەدە و لە باشووریش پەچەدەكە، بۆیە دەبێت پەكەكە لە ڕێگەی هێزی دیكەوە نەچێتە ناو بەشەكانی دیكەی كوردستانەوە، چونكە ئەو سیاسەتە هەڵەیە و ئەوەتا لە باشووری كوردستان ڕێگری دروست دەكات."
(عوسمان ئۆجەلان)-ی سیاسەتوان، هەروەها دەڵێ، "ئەوەی ئێستا پەكەكە لە ڕێگای پەیەدەوە دەیەوێت لە شنگال مەرامی خۆی بە دی بهێنێت، كارێكی نادروستە، چونكە دەبێت هەر هێزێك لە بەشی خۆی خەبات بكات و بەشەكانی دیكە پشگیری لێ بكەن، نەك لە بەردەم خەباتی بەشەكانی دیكەدا ببێتە ڕێگر."
دەبارەی باڵەكانی ناو پەكەكە و ئەگەری دووبەشبوونی ئەو حیزبە، ئەندامی پێشووی جڤاكی سەركردایەتیی پەكەكە ڕایگەیاند كە پەكەكە بە دوو باڵ كاریان كردووە، باڵێكیان چەپە و باڵێكی دیكەیان نەتەوەیین. (موراد قەرەیلان) زۆر جار لەگەڵ باڵی چەپ ڕێككەوتن دەكات و ناوەناوەیش ڕەخنەیان لێ دەگرێت، ئێستا هەڵوێستی (قەرەیلان) چەپە و (جەمیل بایك)ـیش هەڵوێستی نەتەوەیی لاوازە، بۆیە ئەو سیاسەتەی (بایك) زیان لە بزاڤی نەتەوەیی كورد دەدات. ئێمەیش داوامان لە (بایك) كردووە كە دژایەتیی ئازادیی نەتەوەیی كورد نەكات، پێشمەرگە مێژووی بەرخودان و ئازادیەتیی هەیە و خزمەتی زۆری كردووە، هەروەها 182 هەزار خانەوادەی شەهید هەبووە، ئێستایش داعش هێرشی كردووەتە سەر كوردستان، پێشمەرگە لە هەوڵی لەناوبردنیاندایە، بۆیە كاری پێشمەرگە، كارێكی پیرۆزە، ئیتر بۆ هێرش دەكرێتە سەریان؟ بۆ دژایەتی دەكرێن؟"
(عوسمان ئۆجەلان) ئاماژەیشی دا، "پەكەكە و پەیەدە ناتوانن بەرپرسیارەتیی خەڵكی شنگال هەڵبگرن، كاتێكیش هاتوون گوتوومانە بەخێر بێن و دەستتان خۆش و سوپاسی هەڵوێستتان دەكەین، بەڵام ئێستا نیەتێك بۆ مانەوەیان لە شنگال هەبێت، ئەوە بەپێچەوانەی ئەو خزمەتەیانە و دەبێتە زیان بۆ هەموومان، بۆیە پێیان دەڵێم لە شنگال نەمێننەوە، چونكە داگیركردنی خاكێك ئاكامی باشی نابێ. باشووری كوردستان 20 ساڵە خزمەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستانی كردووە، بە تایبەتی باكووری كودستان و دەستی لە پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستاندا هەبووە، بۆیە دەبێت پەكەكە ئەوەی لەبەر چاو بێت و كارێک نەکات بەرانبەرەکەی قەڵس بکات و بیوروژێنێت."
کارزان هەورامی




