بەرپرسێكی پارتی: ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە ساڵێكی دیكەیش عامری نەیدەتوانی بێتە كەركووك

كەركووك-KDP.INFO- سەرۆكی رێكخراوی بەدر لەتەك پارێزگاری كەركووك هەڕەشەی لە هێزی پێشمەرگە كرد و، بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستانیش لەو شارە دەڵێت، ئەگەر لە سایەی پێشمەرگە نەبووایە، (هادی عامری) ساڵێكی دیكەیش نەیدەتوانی بێتە كەركووك.
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (دیاری حوسێن) بە kdp.info-ی راگەیاند، "بە بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان دەمێننەوە و ناكشێنەوە، (هادی عامری)ـیش نەیتوانی بێ پێشمەرگە ناحیەی ئامرلی كە 80 رۆژ گەمارۆ درابوو، رزگار بكەن، ئەوان تەنانەت ناتوانن بەغدایش كۆنتڕۆڵ بكەن، با جارێ ئەو شوێنانە بگرنەوە كە لە ژێر دەستەڵاتی داعشدان و ئەو كات ئەم جۆرە قسانە بكەن."
(دیاری حوسێن) ڕوونیشی كردەوە كە، ماددەی 140جێبەجێ بووە و ئیدی جارێكی دیكە پێشمەرگە لەو ناوچانە ناكشێتەوە و جێگیر كراون.
ئەو زیاتر گوتی، پێویست بوو پارێزگار لەسەر ئەو قسانەی (عامری) بێدەنگ نەبووایە و وەڵامی دابایەوە، چونكە ئەگەر هێزی پێشمەرگە لە كەركووك جێگیر نەكرایە، هاوشێوەی پارێزگای مووسڵ، پارێزگاری كەركووك لە هەولێر دەبوو.
هاوكات گوتیشی، ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، ساڵێكی دیكەیش (عامری) نەیدەتوانی بێتە كەركووك.
لای خۆیەوە سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك (ئەحمەد عەسكەری) بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەوان سوپا لە كوێ دروست دەكەن با بیكەن، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك لەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵی كردوون ناكشێنەوە، چونكە سوپای عێراق هەڵاتوون، بۆیە بەپێی دەستوور مافی خۆمانە ئەو ناوچانە بپارێزین."
بڵند ئیبراهیم




