ئەنجوومەنی ئاشتیی توركیا: پێویستە وەك تیرۆریست سەیری پەكەكە نەكرێت

ئانكارا-KDP.INFO- گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاشتیی توركیا رایگەیاند، بۆ سەرخستنی قۆناخی چارەسەری، پێویستە توركیا وەكو تیرۆریست سەیری پەكەكە نەكات. دەشڵێت، بەرپرسانی توركیا ئاماژەیان داوە كە، بارودۆخی ئێمراڵی دەگۆڕدرێت و ڕەوشی (ئۆجەلان) باشتر دەكرێت، هەروەها شاندی حكوومەتی توركیایش سەردانی قەندیل دەكات.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاشتیی توركیا (تاهماز) گوتی، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر قۆناخی چارەسەریی پرسی كورد، ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی ئاشتیی توركیا لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتدا دیدارێكیان ئەنجام داوە.
ئەو دەڵێت، لەو دیدارەدا باس لەو هەنگاوانە كراوە كە بۆ سەرخستنی قۆناخی چارەسەری پێویستە جێبەجێ بكرێن، بەرپرسانی حكوومەتی توركیایش ئاماژەیان داوە كە دەزگای راوێژكاری ئاساییشی رای گشتی، لە چوارچێوەی نەخشەڕێگەی چارەسەری پرسی كورددا دەستی بە جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانە كردووە كە هەر دوولا لەسەریان رێك كەوتوون.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاشتیی توركیا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی كردەوە كە، بەرپرسانی حكوومەت لەو دیدارەدا ڕایانگەیاندووە كە بارودۆخی ئێمراڵی دەگۆڕدرێت و ڕەوشی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) باشتر دەكرێت، هەروەها شاندی حكوومەتی توركیا سەردانی قەندیلیش دەكات.
(تەهماز) لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی "یۆكسەكئوڤا خەبەر" دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی ئاشتیی توركیا، بە بەرپرسانی حكوومەتیان گوتووە، بۆ ئەوەی قۆناخی چارەسەری بگاتە ئەنجام و تەگەرەی تێنەكەوێت، پێویستە توركیا چیی دیكە وەكو تیرۆریست سەیری پەكەكە نەكات و، بەرپرسانی حكوومەتیش لە وەڵامدا ئاماژەیان داوە كە وردە وردە لە بەرانبەر پەكەكەدا هەڵوێستی خۆیان دەگۆڕن.
هیوا ئەردەلان




