٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تەندروستیی پارێزگاری هەولێر زۆر باشە.. ئەمڕۆ نەخۆشخانە جێ دەهێڵێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO- بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، تەندروستیی پارێزگاری هەولێر زۆر باشە و هەر دوێنێ ئێوارەیش لە هۆڵی نەخۆشخانە بە تەندروستییەكی باشەوە پێشوازیی لە میوانانی كرد. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، ئەمڕۆ نەخۆشخانە جێ دەهێڵێت، دەگەڕێتەوە ماڵەوە و پێویستی بە هیچ چارەسەرێكی تر نییە نە لە ناوخۆ و نە لە دەرەوەیش.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر (هەمزە حامد) پێوەست بە تەندروستیی پارێزگای هەولێر وەهای بە KDP.INFO گوت، "دوێنێ ئێوارە پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) لە كاتی وەرزشكردندا هەستی بە ماندووبوون كردووە، بۆیە پەیوەندی بە پزیشكەوە كردووە و پاشان سەردانی نەخۆشخانەی دڵی لە هەولێری پایتەخت كردووە، دوای چەندین پشكنینی پزیشكی دەردەكەوێت كە یەكێك لە دەمارەكانی تەسك بووەتەوە و كێشەیەكی تەندروستی بۆ دروست كردووە، بۆیە لەو نەخۆشخانەیە چارەسەری بۆ دەكرێت".

گوتیشی،"ئێستایش تەندروستیی پارێزگاری هەولێر زۆر باشە و هەر دوێنێ ئێوارەیش لە هۆڵی پێشوازیی نەخۆشخانە بە تەندروستییەكی باشەوە پێشوازیی لە میوانانی كرد و لەگەڵیان دانیشت و سوپاسی خەمخۆری و دڵسۆزیی یەكە یەكەی ئەو كەسانەی كرد كە ئەركیان كێشاوە و بۆ هەواڵ پرسینی هاتوون".

(حامد) هەروەها ئاماژەی دا، "ئەمڕۆ بەیانی لە نەخۆشخانەی دڵ پشكنینی تەواوی بۆ كراوە و هەموو ستافی پزیشكی و پسپۆڕانی نەخۆشخانەكە لە سەلامەتیی پارێزگاری هەولێر دڵنیا بوون و رەنگە ئەمڕۆ نەخۆشخانە بەجێ بهێڵت و بگەڕێتەوە ماڵەوە، پێویستیشی بە هیچ چارەسەرێكی تر نییە نە لە ناوخۆی هەرێم و نە لە دەرەوەیش، چونكە نەخۆشخانەكەیش بە جێگیریی باری تەندروستیی پارێزگای هەولێری راگەیاندووە و تەنیا پێویستی بە پشوودان هەیە".

هەواڵی پەیوەندیدار