پێشمەرگە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی زوممار ئامادەکاریی کردووە.. کشانەوە لێی بە هۆی زۆریی مینڕێژییەوە بوو

زوممار-KDP.INFO- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ لە زوممار، هۆكاری كشانەوە لە زوممار ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ئەم جارە ئەگەر هێرش بكەن، تاوەكو بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵی نەكەن ناوەستن، مۆڵگەكانیان قاییمتر دەكەن و ناكشێنەوە.
بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار (حەسەن خەلۆ) بە kdp.infoـی راگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا هێرشیان كردووەتە سەر زوممار، بەڵام بە هۆی دانانی رێژەیەكی زۆری تەقەمەنی و بۆمب و مینەوە بۆ دەرەوەی شارۆچكەكە كشاونەتەوە.
(خەلۆ) گوتیشی، ئێستا هێزی پێشمەرگە ئامادەكاریی تەواوی كردووە و لە چەندین میحوەرەوە هێزێكی زۆر بە چەكی قورسەوە بۆ هێرشكردن و كۆنترۆڵكردنەوەی زوممار كۆ كراونەتەوە.
دەشڵێت، چاوەڕێی فەرمان دەكەن بۆ ئەوەی هێرشی سەخت بەرپا بكەن و گورزی گورچكبڕ لە تیرۆریستانی داعش بوەشێنن.
بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموكراتی كوردستان زیاتر گوتی، "داعش تەقەمەنییەكی زۆری داناوە و بۆمبی چاندووە، بەڵام ئێمە تیمی شارەزامان بۆ پووچەڵكردنەوەی تەقەمەنی لەگەڵدایە."
بڵند ئیبراهیم




