پێشمەرگە دیاریی بە منداڵانی ئاوارەی كەمپەكانی دهۆك بەخشی

دهۆك-KDP.INFO- هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئەمڕۆ لە چوارچێوەی بەخشینی دیاری بەسەر منداڵانی ئاوارەدا لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆك، منداڵانی سێ كەمپیان بە دیارییەكان دڵخۆش كرد.
هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئەمڕۆ لە كەمپی بەهجەد كەنداڵی 1 و 2 و كەمپی ئارچەلیك لە سنووری پارێزگای دهۆك، زیاتر لە 4 هەزار دیارییان بەسەر منداڵانی ئەو كەمپانەدا دابەش كرد.
پێشمەرگە جەخت دەكەنەوە، دیارییەكانیان وەك هێمایەكە بۆ بێبەشنەبوونی منداڵان لە ژینگەی منداڵی، دیارییەكانیش بریتی بوون لە چەندین یاریی منداڵان و فڵچە و هەویری ددانشۆردن.
وەك هێزەكانی پێشمەرگە ئاماژەی پێ دەدەن، ئامانجەكەیان بریتییە لەوەی ئەو ترسەیش لە لای منداڵان بڕەوێتەوە، كە لە ناخیاندا بە هۆی دڕندەیی تیرۆریستانەوە شوێنەواری جێ هێشتووە.
منداڵانی كەمپەكانیش بە درووشمی "بژی پێشمەرگە" سوپاسگوزاریی خۆیان بە هێزەكانی پێشمەرگە راگەیاند و خۆشحاڵ بوون بەوەی كە هێزەكانی پێشمەرگە جگە لە پاراستنیان لە دەستی تیرۆریستان، ئاوڕ لە خەون و هیواكانیشیان دەدەنەوە.




