٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆڵەندا بڕیاری دا پێشمەرگە بریندارەكان چارەسەر بكات

سەرچاوە: KDP.info

هۆڵەندا- تایبەت بە kdp.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا دەڵێت، لە كۆبوونەوەیەكی نێوان شاندی نوێنەرایەتیی حكوومەت و وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە لاهای، هۆڵەندا بڕیاری داوە بریندارەكانی پێشمەرگە دەگەیەنێتە وڵاتەكەی و یانیش تیمی پزیشكی ڕەوانەی كوردستان دەكەن.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا (دلاوەر خالید ئاژگەیی)، لە لێدوانێكدا بۆ kdp.info ڕایگەیاند، شاندێكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندای كرد و لەلایەن بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوە خاتوو (ژانێت ئەڵبێردا) پێشوازی كران.

لە دانیشتنێكدا، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە یەكیەتیی ئەورووپا، سوپاسگوزاریی گەلی كوردی گەیاندە وڵاتی هۆڵەندا بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئەو وڵاتە بۆ هاریكاریی شەڕی تیرۆر، لەلایەن شاندی كوردییشەوە داوا كرا بریندارە پێشمەرگەكان بۆ چارەسەركردن ڕەوانەی هۆڵەندا بكرێن یانیش بۆ هەمان مەبەست تیمی چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی كوردستان بكرێت.
هۆڵەندایش بڕیاری دا كە بریندارەكانی پێشمەرگە دەگەیەنێتە وڵاتەكەی و یانیش تیمی پزیشكی ڕەوانەی كوردستان دەكەن، ئەمە جگە لەوەی كە لە داهاتوودا هاوكاریی زیاتریش ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.

كەنعان بەهادین
 

هەواڵی پەیوەندیدار