کەسوکاری قوربانیانی سپایکەر، ئاراستەکراو بوون.. حکوومەت ئاسانکاری بۆ کردوون

بەغدا-KDP.INFO- سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو خەڵکەی ئەمڕۆ ھێرشی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد، ئاراستەکراو بوون.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق(ئارێز عەبدوڵڵا) بە KDP.INFOی راگەیاند: "ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیان کە کەسوکاری قوربانیانی سپایکەر بوون، ھێرشیان کردە ناو پەرلەمان، ھەر چەندە مافی خۆیانە چارەنووسی منداڵەکانیان دیاری بکرێت، بەڵام ئەمانە لەلایەن حکوومەتەوە ئاسانکارییان بۆ کرابوو و ئاراستەکراو بوون، ئەگینا ئەستەمە بەم شێوەیە بتوانن بگەنە ناو پەرلەمان."
(ئارێز عەبدوڵڵا) گوتیشی: "بە ھۆی ھاتنی ئەو خەڵکە بۆ پەرلەمان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دواخرا."
لە سەربازگەی سپایکەر لە ماوەی رابردووا، ھەزار و 700 قوتابیی خولی سەربازی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیر کران و، دواتر قەتولعام کران.
بڵند ئیبراھیم




