سبەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی (مالیكی) كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام دەدات

بەغدا-kdp.info- سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا سبەی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بە بەشداریی سەرۆكوەزیرانی ماوەبەسەرچووی عێراق (نووری مالیكی) و بەرپرسە ئەمنییەكانی پەیوەندیدار لەبارەی ڕووداوی كۆكوژییەكەی سپایكەر ساز بدات.
بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق، سبەی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی تایبەت بە ڕووداوەكەی سپایكەر ئەنجام دەدات.
بەپێی هەمان بەیاننامە، (نووری مالیكی) و وەزیری بەرگری و بەرپرسە ئەمنییەكانی پەیوەندیدار بەو ڕووداوە لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە دەبن.
هەروەها بڕیارە رۆژی پێنجشەممەیش كۆبوونەوەی تایبەت بە گفتوگۆكردن لەبارەی رووداوەكەی سپایكەر بە ئامادەبوونی كەسوكاری قوربانیان ببەسترێت.
لە سەربازگەی سپایكەر لە ماوەی رابردووا هەزار و 700 قوتابیی خولی سەربازی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستگیر كران و دواتر كۆمەڵكوژ كران.
بڵند ئیبراهیم




