هەوڵی شكستپێهێنانی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دەدرێت

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەكی زانكۆ باس لە شكستپێهێنانی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق لەلایەن چەند گرووپ و تاقمێكەوە دەكات و دەشڵێت، "چارەی كێشەكانی عێراق، سێ هەرێمی فیدراڵە".
مامۆستای زانكۆ (د. مەدحەد ئەحمەد) بۆ KDP.info گوتی، "خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆی كەسوكاری قوربانیانی (سپایكەر) دەستی هەندێك لە گرووپە شیعەكانی تێدایە، چونكە داواكاریی هەندێك لە سوننەكان جێبەجێ كراوە، لەوانە مەسەلەی گەڕانەوەی ئەندامانی باڵای سوپای عێراق و لێبووردن بۆ (هاشمی) و چەند كەسێكی دیكە، بۆیە ڕەنگە ئەو ڕەوتە توندڕۆیە شیعەیە قبووڵی ئەو داواكاریانە نەكات".
گوتیشی، "ئەو خۆپێشاندانەیش گوشارە بۆ ئەوەی شیعەكان سازش بۆ سوننەكان نەكەن و دەستی نێودەوڵەتی لەو بابەتەدا هەیە، چونكە ئەمە بۆ تێكشكاندنی هاوكێشەی ئەمەریكایە لە گفتوگۆكاندا، لەبەر ئەوەی ئەگەر گفتوگۆكان سەر بكەون، جۆرێك لە فیدراڵی بۆ سوننەكان دەستبەر دەبێت، ئەمەیش وا دەكات ڕێكخراوە توندڕۆكانی شیعە دژی بوەستنەوە. لێرەیشەوە هاوكێشەی (بایدن) دەبێتەوە بە "ئەگەر" و عێراق دەبێت بكرێتە سێ هەرێمی فیدراڵ".
هاوكات ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سیروان ئەحمەد) بۆ KDP.info دەڵێت، "یەكێك لە مەترسییەكانی سەر گفتوگۆكانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكوومەت، دروستكردنی سیناریۆی جۆراوجۆرە بۆ ئەوەی ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەی دانوستاندا دروست بكات".
ڕوونیشی دەكاتەوە، "سیناریۆكان جۆرێكن لە مەترسی بۆ بەلاڕێدابردنی دۆخی ئێستای عێراق بۆ ئاستێكی زۆر خراپتر".
ڕاژان سەباح هەورامی




