٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كەسوكاری قوربانیانی سپایكەر لە بەردەم پەرلەمانی عێراقدا كۆ بوونەوە.. داوای دادگەییكردنی بەرپرسان دەكەن

سەرچاوە: KDP.info
گربوونه‌وه‌یه‌کی پێشووتری دانیشتوانی سه‌ربازگه‌ی سپایکه‌ر.

بەغدا-kdp.info-  ئەمڕۆ بە سەدان كەسوكاری قوربانیانی سەربازگەی سپایكەر لە بەردەم پەرلەمانی عێراقدا كۆ بوونەوە و داوا دەكەن چارەنووسی منداڵەكانیان دیاری بكرێت و بەرپرسە كەمتەرخەمەكانیش دادگەیی بكرێن.


ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د. ئەردەلان نورەددین) بە kdp.info-ی راگەیاند، بە سەدان لە كەسوكاری قوربانیانی سپایكەر كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كوژراون، لە بەردەم پەرلەمان كۆ بوونەتەوە و داوا دەكەن چارەنووسی منداڵەكانیان یەكلا بكرێتەوە كە ئایا لە ژیاندا ماون یاخود كوژراون، هاوكات داوای دادگەییكردنی بەرپرسە كەمتەرخەمەكانیش دەكەن، بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن.

لای خۆیەوە پەرلەمانتاری پارتیی دیموكراتی كوردستان (د. ئەشواق جاف) بۆ kdp.info گوتی، ئەو هاووڵاتیانە هێرشیان كردووەتە ناو پەرلەمان و گەیشتوونەتە ناو هۆڵی لیژنەی ئاساییش و بەرگری و چاوەڕێی پەرلەمانتاران دەكەن، چونكە پاسەوانەكان ناتوانن تەقەیان لێ بكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و نەچنە ژوورەوە.
(جاف) ڕوونیشی كردەوە، پێشتر كۆبوونەوەیان كرد و میوانداریی بەرپرسانی سەربازییان كردووە، بەڵام هیچ زانیارییەكیان نەبووە.
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، پێویست بوو ئەو هاووڵاتیانە بچنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام لەبەر ئەوەی گەیشتنی ئەوان بۆ ئەوشوێنە ئەستەمە و بەردەم پەرلەمان ئاسانترە، بۆ پەرلەمان هاتوون.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان هەزار و 700 قوتابیی خولی سەربازی لە سەربازگەی سپایكەر لەلایەن داعشەوە دەستگیر كران و زۆربەیان كۆمەڵكوژ كراون.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار