یوئێن تیمێک بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانە مرۆییەکان دەنێرێتە عێراق

هەولێر-KDP.INFO- ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، لە سەروبەندی ڕەوانەکردنی تیمێکی تایبەتە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دراون، هاوکات سەرکۆنەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی کرد لە بەرانبەر ئەو پێشێلکاری و تاوانانەی کە بە تاوانی نێودەوڵەتی ناوی بردن.
کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ(فلاڤیا بانسێری)، لە کۆبوونەوە بەپەلەکەی ئەنجوومەنەکەدا ڕایگەیاند، "شوێنەواری شەڕی بەردەوامی عێراق، بەسەر منداڵانی ئەو وڵاتە کارەساتە"، هێمایشی دا "زۆرێکیان بوونەتە قوربانیی ئەو شەڕە بەردەوامە."
زیاتر گوتی "ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، کۆششەکانی بۆ کەمینە نەتەوە و ئایینزاکان و پاراستنی کۆی عێراقییەکان زیاتر بکات."
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیشی داوە کە، سەدانهەزار لە عێراقییەکان لە ترسی چەکدارانی داعش، ئاوارە بوون.
زریان زیاد




