ئەورووپا: ئەسەد لە گەشەی داعش بەرپرسە.. دەبێ عێراق ڕی نەدات داعش نەوت هەناردە بکات

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکەکانی یەکیەتیی ئەورووپا لەو کۆبوونەوەیاندا کە لە بڕۆکسل سازیان دا، چەند بڕیارێکی تایبەتیان بە دۆخی هەنوکەیی عێراق و دەرهاوێشتەکانی جەنگی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی دەرکرد.
یەکیەتیی ئەورووپا هاوکات ئەو توندوتیژیانەی کە لە عێراق و سووریا لەئارادان، ڕیسوا کرد کە هەڕەشەی بڵاوبوونەوەیان بۆ دەرەوەی ناوچەکەیش لێ دەکرێت، سەرانی یەکیەتییەکە هاوکات، پشتیوانی و هاوکاریی خۆیان بۆ عێراق لە ڕووی سەربازییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش نیشان دا.
کۆبوونەوەی لووتکەی سەرانی ئەورووپا، بڕیاریشیان دا، لە نێو یەکەیەتیی ئەورووپادا بەرەوڕووی ئایدیۆلۆژیای توندڕۆیی بننەوە، فەرمانیشیان دا، زانیاری دەربارەی گەشتیارانی ئەورووپایی کۆ بکرێتەوە، بۆ بەرگرتن لەو چەکدارانەی دەیانەوێ لە ئەورووپاوە بچنە نێو سووریا و عێراقەوە.
جەختیشیان کردەوە، ناسەقامگیریی سووریا و ئەو جەنگە وەحشەتناکەی کە ڕژێمی (ئەسەد) بەرپای کردووە، بۆ گەشەکردنی داعش، ڕێخۆشکەر بووە.. هاوکات داوایشیان کرد، چارەیەکی سیاسیی بەپەلە بۆ قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە.. هەروەها داوایشیان کرد، لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا، هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدار بن، ڕاسپاردەیشیان دا بە ئەنجوومەنی وەزیران، قەدەخە بخاتە سەر ئەو نەوتەی کە داعش هەوڵی هەناردەکردنی دەدات.
زریان زیاد




