٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سێوی میخەکرێژ پێشکەش بە ئێزیدییەکان دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  لە پرۆژەیەکی نوێی هونەرمەند (سەیوان سەعیدیان)  سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان سێوی میخەکڕیژ پێشکەش بە ئێزیدییەکان دەکەن.

(سەیوان سەعیدیان) بۆ KDP.INFO گوتی کە، مەبەستی لەم پرۆژەیە ئەوەیە بە هەموو جیهان بڵێت لە کوردستان ئاشتی و پێکەوەژیان هەیە و، لە ژێرسایەی خاکێکی هاوبەش کە ناوی کوردستانە، گیرساونەتەوە.
پرۆژەکە چوارشەممە  3ی ئەیلوول سەعات 5 تا 6:30 خولەکی ئێوارە  لە بەردەم باڵاخانەی UN لە شەقامی سەدمەتری بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا نوێنەری هەموو نەتەوە و  ئایینەکان سێوێک مێخەکڕێژ دەکەن و پێشکەش بە یەکتری دەکەن و پاشان سەرجەم سێوەکان پێشکەش بە ئێزدییەکان دەکرێن.
(سەعیدیان) زیاتر گوتی، رۆژهەڵاتی نێوەراست کەوتووەتە ناو دۆخێکەوە کە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بەگژ یەکدا دەچن و، بۆیەش ویستوویەتی لەم رێگایەوە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان بڵاو بکاتەوە.
جەختیشی کردەوە کە، نوێنەر و کەسایەتیی ناوداری سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بۆ پرۆژەکە بانگهێشت کراون.
پرۆژەکە لەژێر ناوی "کوردستان بۆ هەموو رەنگێک"-ە و  لە پێناو ئاشتەواییی نەتەوەیی و ئایینی دەخرێتە روو.
ئەم پرۆژەیە بە سپۆنسەری کۆمپانیای Vinsev و بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
گرووپی سێوی میخەکرێژ بە سەرپەرشتی (سەیوان سەعیدیان) ماوەی 11 ساڵە کار بۆ بەجیهانیکردنی بەرهەمی سێوی میخەکرێژ دەکەن کە وەکوو یەکەم دیاریی خۆماڵیی کوردی لە دەستەی باڵای گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.
سێوی میخەکرێژ ئەو سێوەیە کە لە کۆندا و لە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی کوردستان، بە مێخەک رازێندراوەتەوە و، لەلایەن کچان و کوڕانی عاشق بە مەبەستی دەربڕینی خۆشەویستی پێشکەش کراوە، بەڵام خەریک بوو ئەو کولتوورە لەناو دەچوو.
دوای ئەوەی ئەم کولتوورە لەلایەن (سەعیدیان)-ەوە زیندوو کرایەوە و، ئێستا بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و لە ناو کارتۆنێکی تایبەتدا دیزایین کراوە و لە مارکێت و مۆڵەکان وەک یەکەم دیاریی خۆماڵی کوردی دەفرۆشرێت و جگە لەمە، لە چەندین بۆنە و پرۆژەی جیاوازی فەرهەنگی و هونەری و لەپێناو گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی و پێکەوەژیان سوود لەم سێوە وەرگیراوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار