٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شایەتحاڵێکی ڕیسواییەکانی داعش.. منداڵانیان ناچار کردوون، کردەی سەربڕین و بەردبارانکردن ببینن

سەرچاوە: KDP.info
ژمارەیەک لە منداڵانی مزگەوتێک، کە داعش بۆ جیهاد پەروەردەیان دەکات.

هەولێر-KDP.INFO-  ئەو کوڕە هەرزەکارێکە و دەبوایە لەگەڵ هاوتەمەنەکانی یاریی بکردبا، بەڵام کەوتووەتە بن باری گرانایی ئەو كڵاشنیکۆفەی کە هەڵیگرتووە، کە تەقەی پێ دەکات بە هۆی هێزی زۆری چەکەکەیەوە، بە توندی بۆ دواوە تەکان دەدا.

(محەممەد)-ی بچکۆلان یەکێکی ئەو بچووکترین منداڵانەیە کە کراوەتە سەربازی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەو ڕێکخراوەی بە داعش ناسراوە، شانازیی بەوەوە دەکات ئەو منداڵانەی چەکدار کردوون و ئەمەی لە پێگە ئەلیکترۆنییەکانەوە کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن، بە ڕوونی نیشان داوە.
(محەممەد)، ناوی ڕاستینەی ئەو بچووکترین چەکدارەی داعش نییە، ئەمەیش بۆ سەلامەتیی ئەوە.. تەمەنی تەنیا 13 ساڵ بوو کاتێک داعش بە زۆرەملێ بردوویەتییە یەکێک لە سەربازگەکانی کە لە باکووری سووریا بۆ مەشقکردنی منداڵان کردوویەتییەوە، ئەو منداڵە پاش ڕاکردنی بۆ تورکیا لەگەڵ خێزانەکەیدا، چۆنیەتیی بەسەربازکردنی بۆ تۆڕی ڕاگەیاندنی "سی ئێن ئێن" دەگێڕێتەوە.
ئەو منداڵە لە سەرەتای پێوەندیکردنی بە داعشەوە وەها دەگێڕیتەوە "من و هاوڕێکانم لە مزگەوت دەمانخوێند، کاتێک داوامان لێ کرا بۆ جیهادکردن بچێنە نێو دەوڵەتی ئیسلامییەوە.. ویستم بچم، بەڵام باوکم ڕەتی کردەوە و ڕێی نەدا."
بەڵام پاش هەڕەشەی داعش لە باوکی بە سەرپەڕاندن، (محەممەد) پێوەندییان پێ دەکات و دەچێتە سەربازگەکانیانەوە.
زیاتر گوتی "ماوەی 30 ڕۆژ پاش لە خەو هەستان، وەرزشی ڕاکردنمان دەکرد و دواتر نانمان دەخوارد و ئینجا فێری قورئان و حەدیسیان دەکردین، دواتر بردیانینە مەشقکردن بە چەکی کڵاشنیکۆف و چەکی سووکی دیکە."
وەک هەمیشە منداڵیان دەهێنانە سەربازگە و بە قامچی لێیان دەدان.. کاتێک دەچووینە مزگەوت داوایان لێ دەکردین ڕۆژی داهاتوو و لە هەمان کاتی دیاریکراودا، بۆ بینینی کردەی سەربڕین، بە قامچی لێدان و بەردبارانکردن، ئامادە بین."
ئەو دەگێڕێتەوە، "هەرەزکارێکم بینی، سێ ڕۆژ بە دارەوە هەڵواسرابوو، تەنیا لەبەر ئەوەی لە کاتی نانخوارندا دەنگی بەرز کربووەوە، ئافرەتێکیشم بینی، چونکە زینای کردبوو، بەردباران دەکرا."
(محەممەد) ئاماژەی بە هەندێ دەرسی ئایینی دا کە فێریان بووە، بەڵام ئەو دەستەواژانە نا لە نموونەی "کافرەکان" و بۆ دەبێ دژیان شەڕ بکەم؟"
باوەڕیشی وایە ئەو بەسەربازکراوە بچووکانە پاش مەشقە دینی و سەربازییەکانیان لە سەربازگەکان و سوێنخواردنیان لەبەردم سەردەی داعش(ئەبووبەکر بەغدایی)، بۆ شەڕکردن ئامادەن.
ئەو گوتیشی، یەکێک لە هاوڕێکانی لە سەربازگەکە، کە تەمەنی 13 ساڵ بووە، لە شەڕی نێوان داعش و چەکدارە ڕاستڕۆکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا لە دێرئەلزوور کوژراوە.
باوکی (محەممەد)-یش دەڵێت، ترسی لەوە هەبووە کوڕەکەیان بۆ کردەی خۆکوژی ساز دابێ، پاش چەندان جار هەوڵی شکستبردووی بۆ گێڕانەوەی کوڕەکەی دواجار توانیویەتی لە چنگ داعش ڕزگاری بکات و بە خێزانەوە بۆ تورکیا ڕابکەن.
(محەممەد) بەو چەند دێڕە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "دینەکەمم خۆش دەوێ چونکە موسڵمانم.. بەر لە هاتنی داعش، لەگەڵ باوکمدا بۆ نوێژ دەچووم.. بەڵام باوکم فێری کردم کە دین وابەستە نییە بە شەڕ، بەڵکە خۆشەویستی و لێبووردەییە."


زریان زیاد

 

هەواڵی پەیوەندیدار