ئۆباما: هێشتا ستراتیژێکی سەربازیمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش نییە

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(باراک ئۆباما) ڕۆژی پێنجشەممە گوتی، وڵاتەکەی هیشتا ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا دانەڕشتووە، بۆ ئەوەی گورزی سەربازیی ئاسمانی لێ بوەشێنێ.
ئەم لێدوانەی (ئۆباما) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بوو بەر لەوەی بچێتە کۆبوونەوەی ڕاوێژکارانی ئاساییشی نیشتیمانی، پێوەست بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کۆمارییەکان(تۆم بڕایس)، لە نامەیەکیدا لە پێگەی تویتەر دەڵێ "سەرۆک دەڵێ(هێشتا ستراتیژیان نییە) بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی." ئەمەیش بە ڕوونی دیارە و مایەی قبووڵکردن نییە.
گوتەبێژ بە ناوی کۆشکی سپییشەوە دەڵێ، (ئۆباما) پێشتر ئاماژەی بە بژاردەی سەربازی داوە، سەرۆکیش لە ڕێی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە، ستراتیژی تۆکمەی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەو گرووپە هەیە.
(ئۆباما) لەم هەفتەیەی ڕابرد، بڕیاری دا لە ڕێی ئاسمانییەوە زانیاری کۆ بکرێتەوە، ئەمەیش کاریگەریی ئەو بۆچوونانەی دەرخست کە بەرەی شەڕ دژ بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا فروانتر بکرێت. ئەم بڕیارەیش لە لایەن هەندێ یاسادانەرەوە درایە بەر ڕەخنەوە و پێیان وابوو، لە پرسی ئەگەری جووڵەی ئەمەریکا ڕاوێژیان پێ ناکرێ.
پار(ئۆباما) وەک سزایەک لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە سووریا پاشگەز بووەوە، بەو هۆیەی کە (بەشار ئەسەد) چەکی کیمیایی دژ بە گەلەکەی بە کار برد و، دەستتێوەردانی لە شەڕی نێوخۆی سووریا بەرتەسک کردەوە و، پێی وا بوو کە وڵاتە یەکگرتووەکان بژاردەی زیاتر بەردەست نین.
بەڵام توڕەیی ڕای گشتی بەرانبەر بە سەرپەڕاندنی ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییەکە(جێمس فۆلی)، هانی (ئۆباما)ی دا چاو بە وەشاندنی گورزی سەربازی لە مۆڵگەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریادا بخشێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتایش ئەمەریکا بە کەمی مۆڵگەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی کرووەتە ئامانجی هێرشەکانی.
(ئۆباما) بە وەزیری بەرگری(چەک هێگڵ)-ی گوتووە، کار لەسەر بژاردەگەلێک بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی، گوتیشی وەزیری دەرەوەیش(جۆن کێری)، دچێتە ناوچەکە بۆ ئەوەی هاوپەیمانەتییەک دژ بە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە پێک بێنێت.
زریان زیاد




