٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داعش، بەڕەی لە بن پێی قاعیدە دەرهێنا

سەرچاوە: KDP.info
ئەیمەن زەواهیری و بن لادن.

هەولێر-KDP.INFO-  لە میانەی دەستبەسەرداگرتنی خاک و ڕاگەیاندنی دەوڵەت، هەروەها بە هۆی سەرکەوتنەکانی و دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنی و پارەیەکی زۆرەوە، هاوکات بە زۆرزانیی لە بەکاربردنی هۆکارەکانی پڕوپاگندە و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، توانی بەڕە لە بن پێی ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە دەربهێنێت، ئەمە لە دیتی شارەزایانەوە.

شارەزایان وای دەبینن، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، وەها دەرکەوتووە کە پێش بزووتنەوەی جیهادیی جیهانی دەکەوێ و جێی ڕێکخراوی قاعیدە دەگرێتەوە، ئەمەیش بە هۆی هێزی سەربازی و توندڕۆییەکەی و وابەستەیی بە هۆکارە نوێیەکانی گەیاندنەوە. بە دەستبەسەرداگرتنی خاکیش لە هەردوو بەری سنووری سووریا و عێراق و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی بە ناو خەلافەی ئیسلامی، بە ڕابەرایەتیی (ئەبوبەکر بەغدایی)، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، سەرکەوتنێکی بە دەست هێنا کە، ئەندامانی بزووتنەوەکەی (ئوسامە بن لادن) خەویان پێوە دەبینی.

(تۆماس هیگامر) لە نێوەندی لێتوێژینەوەی بەرگریی نۆروێژی دەڵێت، "چەکدارە لەپێشینەکانی جیهادیی جیهانی، پێان وایە هەموو ژیانیان بۆ شەڕکردن بەرانبەر بە زلهێزان بەسەر بردووە، بەڵام نەیانتوانی خەلافەت ڕابگەیەنن، ئەمڕۆیش دەبینن کە، لەپڕ خەڵکێکی نوێ دەرکەوتوون و سەرکەوتنیان لێ دەڕفێنن"، سەرباری هەموو ئەمەیش، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داوا لەو شەڕکەرە لەپێشینانە دەکات، گوێڕایەڵی خەلیفە گەنجە پەنهانەکەیان بن.

بە دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ و دەستکەوتی شەڕ کە بە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێ، هەروەها دەستکەوتنی جبەخانە کە سوپای نوێی پێ پڕچەک دەکرێ، سەرکەوتن بوو بۆ چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاهەنگیان بۆی دەگێڕا، بەڵام، سەرکردەکانی ڕێکخراوی قاعیدە پێشوازییان لێی نەکرد.

وەهایش چاوەڕوان دەکرێ، سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئەو ڕێکخراوە لە سووریا و عێراق، نەخشەی ڕێکخراوە جیهادییەکان بگۆڕێ. لەو چوارچێوەیەدا مامۆستای زانستە سیاسییەکان(جان پیەر فیلیۆ) بە فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "ڕابەری دەوڵەتی ئیسلامی سەرکەوتنی سەربازیی یەک بە دوای یەکی بە دەست هێناوە و ڕەنگە ئەمە هەموو دنیا بتۆقێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە (ئەیمەن زەواهیری)-ی شوێنگرەوەی (بن لادن) کە لە لوتکەی ڕێکخراوی قاعیدەیە، تەنیا بۆڵەبۆڵی بێ و لە چوارچێوەیەکی تەسک و تەسکتردا بێکاریگەر بمێنێتەوە."

ئەو شارەزایەی زانستە سیاسییەکان زیاتر دەڵێ، "ڕێکخراوی قاعیدە وەک نموونەیەکی مێژوویی ژیا و جێ بۆ دەوڵەتی ئیسلامی چۆڵ دەکات."

ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، هەر لە سەرەتاوە درکی بە بایەخی پڕوپاگندەی مێدیایی کردبوو، کارەکانی، سەرکەوتنەکانی و جیهانبینییەکەی لە هیی قاعیدە فراوانتر بوو. لە حوزێران-یۆنیۆدا، لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتدا بڵاوی کردەوە کە گوایە "ملیارێک موسڵمان پشتیوانیی لە دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن"، هەروەها ئاڵای ڕێکخراوەکە لە وێنەکاندا و لەسەر پرد و ئۆتۆمبێلەکاندا دەردەکەون کە بەربەدەم قەڵای نوێی ئازادی لە شوێنی ناوەندی بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرک، بەردەم کۆشکی سپی و لە ئەمستردام و بورجی ئیڤڵ لە پاریس و کۆلۆسیۆمی ڕۆمادا ڕەت دەبن.

چاودێران باوەڕیان وایە، ئەو ڕێکخراوە، بە شێوەیەکی بەرچاو و چالاکتر لە قاعیدە هۆکارەکانی ڕاگەیاندنیان قۆزتووەتەوە.

ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی، لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە، پەنا بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەی تۆقێنەر و ئەو ڕیسواییانە دەبات کە، دەرهەق بە هاووڵاتیانی مەدەنی کردوویانە.

 

زریان زیاد

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار