٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەو جیهادییە ئەمەریکاییەی لە سووریا کوژرا کێ بوو؟

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  یەکەم جیهادیی ئەمەریکاییی نێو ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی تیرۆریست، کە لە سووریا کوژرا، کێ بوو؟

(دۆگلاس ماکاسوور)-ی تەمەن 33 ساڵ، یەکەم ئەمەریکایی بوو کە لە ڕیزەکانی ڕیکخراوی تیرۆریستیی داعشدا دەجەنگا و بە دەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کوژرا. پاش کوشتنەکەی ناسنامەکەی دەرکەوت، ئەویش بە هۆی ئەو پاسپۆرت و بڕی 800 دۆلارەی کە لە گیرفانیدا بوو.
ڕۆژنامەی لۆفیگارۆی فەڕەنسایی، دەربارەی ئەو جیهادییە ئەمەریکاییە نووسیویەتی، (دۆگلاس) لە نێو ڕیزەکانی داعشدا بە شەڕوانێکی دڕندە ناسرابوو، ئەو حەزی لە گۆرانیی ڕاپ و تۆپی سەبەتە کردووە و هەموو ڕۆژانێکی یەکشەمموان، لەگەڵ دایکیدا چووەتە کڵێسا.
خێزانەکەی باوەڕیان بە کوشتنی نەکردووە تا یەکێک لە نزیکانی جەختی کردووەتەوە کە ئەو توندڕۆ نەبووە، ئاماژەیشی بە نامەیەکی ئەو داوە کە لە دواهەینیدا گەییشتووە و، پێی ڕاگەیاندووە کە ئەو(دۆگلاس) لە تورکیایە. هاوڕێکانی خوێندنی ئەو جیهادییە ئەمەریکاییە، بیریان بۆ جووڵە پاڵەوانییە پێکەنیناوییەکانی کوڕی شاری نیوهۆپی سەربە مینیاپۆلیس دەچێتەوە.
مێدیای ئەمەریکا، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی (دۆگلاس)، هەوڵی دا ئاراستە ڕاستیەکەی ئەو جیهادییە ئاشکرا بکات، لە هەمان کاتیشدا هەوڵی دا قۆناخی گەییشتن بە توندڕۆیی ئەو بزانێت.
(دۆگلاس) بێئەوەی هیچ بڕوانامەیەک بە دەست بخات، قوتابخانەی جێ هێشتووە. نۆ جار و بە هۆکاری جیا دەستبەسەر کراوە: لێخوڕینی بێمۆڵەت، بەکاربردنی بەنگەمەنی(مخدرات) و شتی تریش.
(دۆگلاس) لە ساڵی 2004 بووەتە ئیسلام و لەگەڵ هاوڕێیێکی سەردەمی قوتابخانەدا بە ناوی (ئەڵترۆی کاستیگار)-دا نزیکایەتیی هەبووە، کە ئەویش لە ساڵی 2009-دا و لە سۆمال، کە لە پاڵ ڕیکخراوی لاواندا دەجەنگا، کوژراوە.
خێزانەکەی سەرنجیان نەداوە کە ئەو کەوتووتە داوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، چونکە وەک هەر کەسێکی دی ئاسایی ژیاوە. لە سان دیێگۆی کالیفۆڕنیا لەگەڵ دایکیدا نێشتەجێ بوون، ئەو لەبەدەستهێنانی کاردا سەرکەوتوو بووە، منداڵێکی هەیە کە هێشتا ساڵیک لە تەمەنی تێپەڕ نەکردووە، بەڵام تویتەکانی لە پێگەی تویتەر، ئاماژەیان بە شتگەلێکی دی داوە.
لە تویتێکیدا(دۆگلاس) دەڵێ، "پێکەنینم بە ئەوانە دێ کە خۆیان بە موسڵمان دەزانن و شانازیی بە ئەوەوە دەکەن کە خوایان خۆش دەوێ، بەڵام نەفرەت لە ئەوانەیش دەکەن کە یاساکانی جێبەجێ دەکەن."
دواتویتیشی لە مانگی یۆنیۆ-حوزێراندا بووە، تێیدا بە ڕوونی پشتیوانیی لە داعش کردووە، ئەو دەڵێ، "ناشیت شەڕوان بە تەنیا لە چەمکی شەڕوان نەگات. نوێژ لەپێناو دەوڵەتی ئیسلامیدا بکەن." پاش ئەمە و بۆ ماوەی چەند مانگێک و بەر لەوەی لە ڕێگەی تورکیاوە بچێتە سووریا، سەفەری بۆ سوێد و کەنەدا کردووە و ئامانجیش لێی ئەوە بووە بە هەنگاوەکانی نەزانرێ.
ئەو پرسیارەیشی کە ڕای گشتیی ئەمەریکا و دەستەڵاتدارانی وڵاتەکەیشی بە ئاگا هێناوەتەوە، ئایا (دۆگلاس) تەنیایە؟، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی خەمڵاندنی ئاساییشی نێوخۆیی، ژمارەی ئەو ئەمەریکاییانەی کە چوونەتە سووریا لە نێوان 70 تا 100 کەس دەبن، بەڵام هێشتا هیچ تۆڕێکی ناونووسکردنی جیهادییەکانی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نە هیچ گرووپێکی دیکەی نەدۆزیوەتەوە، کە ئەو جیهادیانە پێوەندییان پێوە کردبن.

زریان زیاد

 

هەواڵی پەیوەندیدار