هۆلاند: ئەسەد هاوپەیمانی تیرۆریستانە و قبووڵ ناکەین بێتە بەرەی ئێمەوە

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکی فەڕەنسا(فڕانسوا هۆلاند) هێرشی توندی کردە سەر هاوتا سووریاییەکەی(بەشار ئەسەد) و ڕایگەیاند، ناشێت ببێتە شەریکی ئەو وڵاتانەی کە لە هەوڵی بنەبڕکردنی تیرۆرن، چونکە پێوەندیێکی بابەتیانەی لەگەڵ تیرۆریستاندا هەیە.
(هۆلاند) ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی، لەسەر یوئێن پێویستە هاوکاری پێشکەش بە دەستەڵاتی لیبیا بکات تا بتوانێت دەست بەسەر وڵاتدا بگرێتەوە و بەر بە بڵاوبوونەوەی توندڕۆیی بگیرێت،
هاوکات داوای لە یەکیەتیی ئەورووپا کرد، ڕۆڵی زیاتر لە بنیاتنانەوەی کەرتی غەززەی فەلەستینیدا بگێڕێ.
پێوەست بە دۆخی قەیراناویی سووریایش، سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێ، (ئەسەد) لە شەڕی دژبە تیرۆر و ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی شەریک نییە، ئەمەیش وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ ئەو پێشنیازەی دیمەشق بوو کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داوای هەوڵی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.
(فڕانسوا هۆلاند) زیاتر گوتی، "بە ڕوونی دەڵێین: (بەشار ئەسەد) ناتوانێ لە شەڕی بنەبڕکردنی تیرۆردا شەرێک بێ، چونکە، ئەو خۆی هاوپەیمانی بابەتیی جیهادییەکانە."
زریان زیاد




