٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پەرلەمانتارێكی كورد: پێویستە (عەبادی) سیاسەتەكانی (مالیكی) دووبارە نەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-kdp.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، تاوەكو ئێستا هەڵوێستەكانی (عەبادی) لە بەرامبەر لایەنەكان بە تایبەتی كورد باشە و لەگەڵ (مالیكی) جیاوازە، لەوانە پرسی پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە و پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە، بەڵام دەبێت ئەوەیش لە بەرچاو بگیرێت كە ئەویش ئەندامی حیزبی دەعوەیە.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د.عەرەفات كەرەم) بە kdp.info-ی راگەیاند، هەڵوێستەكانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق (حەیدەر عەبادی) زۆر جیاوازە لەگەڵ (نووری مالیكی)، چونكە سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر لەگەڵ حكوومەتی زۆرینە و دژی پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگەیە و بە مەترسیداری وەسف دەكات، بەڵام (عەبادی) لەگەڵ حكوومەتێكی هاوبەشی نیشتمانی و پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگەیە و پێی وایە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە تیرۆر دەپارێزن و بە هیچ شێوەیەك بە مەترسیداری نازانێت.
ئەوەیشی خستەڕوو كە، "پێویستە ئەوەیش لە بەرچاو بگرین كە ئەندامی حیزبی دەعوەیە و لە پارتەكەی (نووری مالیكی)ـیە و ئەگەری زۆرە كە هەمان سیاسەتی ئەو حیزبە پێڕۆ بكات".
(د. عەرەفات كەرەم) گوتیشی، "پێویستە (عەبادی) وانەی لە سیاسەتەكانی (نووری مالیكی) وەرگرتبێت و داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكات، چونكە داواكارییەكان رەوا و دەستوورین و زۆرینەیشیان لە بەرژەوەندیی عێراقدان".
دەشڵێت، "ئەگەر (عەبادی)ـیش هەمان سیناریۆی (مالیكی) دووبارە بكاتەوە، ئێمە وەكو كورد بڕیاری خۆمان داوە و لە عێراق جیا دەبینەوە، كە ئەمەیش مافی خۆمانە و كارێكی زۆر نۆرماڵە".

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار