ئەڵمانیا: ئەو چەکەی بۆ پێشمەرگەی دەنێرێن، دەبێ بۆ شەڕی دژبە داعش گونجاو بێ.. یەکشەممە بڕیار دەدات

هەولێر-KDP.INFO- وەزیری درەوەی ئەڵمانیا(فڕانک فاڵتەر شتاینمایر) ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، حکوومەتی وڵاتەکەی یەکشەممەی داهاتوو بڕیار دەدات چ جۆرە چەکێک بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دنێرێ، کە بۆ پشتیوانییەتی لە شەڕی دژبە ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە پراگ ساز درابوو، (شتاینمایر) زیاتر گوتی، "پێویستە بە چەک و تفاقی دیاریکراو و بەپێی تواناکانمان هاوکاریی هێزی کورد بکەین، بۆ ئەوەی بە شەڕی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی گونجاو بن و نەێڵن دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن و دەوڵەتی خەلافەی لەسەر دابمەزرێنن."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەیشی دا، "حکوومەتی ئەڵمانیا تا ئەمڕۆیش نەگەییشتووەتە بڕیاری کۆتایی، بەڵام باوەڕم وایە کە یەکشەممەی داهاتوو بڕیار دەدەین لەوەی کە دەتوانرێت چییان پێشکەش بکەین."
ئەو دۆخی کۆمەڵکوژییەی وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانیا(ئەنجێلا مێرکڵ) دەیڵێت کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ناچاری کردوون وەها بڕیاڕێکی تایبەت بدەن، چونکە لە دووەم جەنگی جیهانییەوە تا بە ئێستا دەگات، ئەڵمانیا چەکی بۆ هیچ ناوچەیەکی کێشەدار بەناردووە.
زریان زیاد




