(مالیكی) شەڕ دەخاتە ماڵی (عەبادی)ـیەوە

هەولێر- KDP.info گوتاری هەفتانەی (مالیكی) ڕەخنەی لێ دەكەوێتەوە و گوتەبێژی پێشووی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانیش دەڵێت، دەبێ بەربژێری ڕاسپێردراو بۆ حكوومەت وەڵامی بداتەوە. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، ئەگەر (مالیكی) لەم سیاسەتەی بەردەوام بێت، ئاگری شەڕ دەخاتە ناوماڵی (عەبادی)ـیەوە.
لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا سەرۆكوەزیری كاربەڕێكەری عێراق (نووری مالیكی) دەڵێت، "دەبێ داواكاریی لایەنەكان كەم بكرێتەوە و فیدراڵییش بژاردەی چارەكردنی كێشەكانی عێراق نییە. عێراق، عێراقی یەكگرتووە". لە بەرانبەردا گوتەبێژی پێشووی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان (موئەیەد تەییب) بۆ KDP.info گوتی، "قسەكانی (مالیكی) لەم دۆخەكەی ئێستادا زۆر سەیرن! پێش هەموو كەسێك ئەو ڕەخنە لە (حەیدەر عەبادی) دەگرێت، بۆیە دەبێت ئەو وەڵامی بداتەوە، چونكە ئەو بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپێردراوە. (مالیكی) دەبێت خۆی نەكاتە چاوساخی (عەبادی) و ئەویش لە گیرفانی (مالیكی) بێتە دەرەوە، دواجار ئەوە (عەبادی)ـیە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكات و ئەو دەزانێت چۆن مامەڵە بكات".
(تەییب) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئەگەر (مالیكی) لەم سیاسەتەی بەردەوام بێت، ئاگری شەڕ دەخاتە ناوماڵی (عەبادی)ـیەوە.
هاوكات چاودێری سیاسی (ئاسۆ كەریم) بۆ KDP.info ڕایگەیاند، (مالیكی) دەیەوێت پەیامێك بداتە (عەبادی) كە نابێت سازش لەسەر شتەكان بكەیت، ئەوەیش وەك پەیامێكە بۆ شیعەكان كە هەستیان بەلای خۆیاندا ڕاكێشێت و پێیان بڵێ ئەوە (عەبادی)ـیە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی لایەنەكان و، دەیشیەوێت ئەوە بە لایەنەكان بڵێ كە حكوومەتی زۆرینە لەسەر پێشنیازی ئەو كراوە و دەبێت لایەنەكان لەسەری ڕێك بكەون".
كارزان هەورامی




