سۆران.. هاوكاری بەسەر 500 خێزانی ئاوارەدا دابەش كرا

سۆران-KDP.info- پاش هەڕەشە و پەلاماری چەكدارانی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل لە سنووری پاریزگای مووسڵ، خەڵكێكی زۆر ئاوارەی شارەكانی كوردستان بوون و قەزای سۆرانیش یەكێك لەو شارانەی كوردستانە كە رێژەیەكی زۆر ئاوارەی تێدایە، بۆیە بە مەبەستی یارمەتیدانی ئاوارەكان، پێداویستی بەسەر 500 خێزاندا دابەش كرا.
بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران (وەیسی سەعید وەیسی) بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، "بە هۆی هەڕەشەكانی گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە، ژمارەیەك لە خوشك و برایانمان لە كوردانی ئێزدی و مەسیحی و كاكەیی و شەبەك لە شنگال و زوممار و مووسڵ و ناوچەكانی دیكەوە ئاوارەی سۆران بوون، بۆیە وەك ئەركێكی ئایینی و نەتەوەیی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆان بە هەماهەنگی لقی سۆرانی یەكێتیی زانایان كۆمەك و هاوكاریمان كۆ كردەوە و بەسەر سەرجەم ئەو پێكهاتانەی كە لە سنوورەكەدا ئاوارەبوون بە بێ جیاوازیی ئایینی دابەش كرا، چونكە كوردستان مەڵبەندی لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئایینییە".
بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران گوتیشی، "هاوكارییەكە دابەشی سەر زیاتر لە 500 خێزان كرا و لە رۆژانی داهاتوویشدا هاوكارییەكان بەردەوام دەبن تاكو ئەو برایانەمان بە سەربڵندی بە زێدی خۆیان شاد دەبنەوە".
(وەیسی سەعید) زیاتر ڕوونی كردەوە، "دەستخۆشی لە مامۆستایانی ئایینی و دانیشتووانی ئەم سنوورە دەكەم كە رۆڵی دیاریان هەبوو لە هاوكاری و كۆمەككردنی برا ئاوارەكان".
لە لایەكی دیكەوە، ئاوارەكانی ئەو سنوورە خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو جۆرە هاوكاریانەی كە پێیان دەبەخشرێت.
نەشوان بەرزنجی




