ئەردۆغان: دەست بە قۆناخێكی نوێ دەكەین

ئانكارا-kdp.info- سەرۆكی گشتیی ئاكەپە و سەرۆكوەزیری توركیا، بۆ دواجار لە كۆنگرەی پارتەكەیدا گوتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، "ئەمە ماڵئاوایی نییە، بەڵكە تەنیا فاتیحەیەكە كە بۆ قۆناخێك دەیخوێنین و دەست بە قۆناخێكی نوێ دەكەین".
سەرۆكی گشتیی ئاكەپە و سەرۆكوەزیرانی توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) كە بۆ پۆستی سەرۆككۆماری توركیا هەڵبژێردراوە و سبەینێ بە فەرمی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە سوێند دەخوات و دەستبەكار دەبێت، بۆ دوایین جار ئەمڕۆ بەشداری لە كۆنگرەی پارتەكەیدا كرد و گوتارێكی پێشكەشی كادر و ئەندامانی پارتەكەی كرد.
(ئەردۆغان) لە سەرەتای گوتارەكەیدا گوتی، "پێویستە هەر كەس بزانێت كە ئەمە گوتاری خواحافیزی و ماڵئاوایی نییە، بەڵكە تەنیا فاتیحەیەكە كە بۆ قۆناخێك دەیخوێنین و دەست بە قۆناخێكی نوێ دەكەین".
سەرۆكی گشتیی ئاكەپە، لە بەردەوامیی قسەكانیدا داوای لە وەزیران، پەرلەمانتاران، كادر و ئەندام و لایەنگرانی پارتەكەی كرد كە بەوپەڕی هێز و توانایانەوە پشتگیری لە سەرۆكوەزیری نوێ و سەرۆكی گشتیی ئاكەپە (ئەحمەد داوود ئۆغڵو) بكەن و بە هیچ شێوەیەك زەمینە بۆ دروستبوونی دووبەرەكی لە نێو ئاكەپەدا نەدەن.
ئەمڕۆ كۆنگرەی ئاكەپە لە ئانكارا دەستی پێ كرد و لە كۆنگرەكەدا (ئەردۆغان) پۆستی سەرۆكایەتیی ئاكەپە رادەستی (داوود ئۆغڵو) دەكات و ئاكەپەیش (داوود ئۆغڵو) بە فەرمی بۆ سەرۆكایەتیی خۆی هەڵدەبژێرێت و بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێیش (ئەحمەد داوود ئۆغڵو) لە دوای كۆنگرە دەست بە گفتوگۆكردن و دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی كابینەی نوێ دەكات.
هیوا ئەردەلان




