تورکیا ترسی لێ نیشتووە.. داعش: پاش لوبنان، سووریا، عێراق، فەلەستین و سعوودیە، نۆرەی تورکیایە

هەولێر-KDP.INFO- بەرپرسان و دیپلۆماتکارانی تورکیایی لەسەر ئەو باوەڕەن کە، هەزاران چەکداری دیکە کە لە نێویاندا تورکیایی، بەریتانیایی، ئەمەریکایی و ئەورووپایی هەن، چوونەتە نێو ڕێکخراوی داعشەوە، کە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای عێراقدا دەوڵەتی خەلافەیان ڕاگەیاندووە.
سەرچاوەکانی نزیک لە داعش ڕایانگەیاندووە، ئەو جیهادیانەی یەکشەممەی ڕابرد دەستیان بەسەر بنکەی ئاسمانیی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا گرتووە، پاش دەستبەسەرداگرتنی شاری ڕقە کە مۆڵگەی سەرەکییانە، لە پێشڕەویدان بەرەو باکوور و لە هەوڵدان ناوچە لە پاڵ یەکەکانی تورکیایش کۆنترۆڵ بکەن، ئەمەیشیان بۆ ئاسان هاتوچۆکردنی چەکداران و پێداویستییە سەربازییەکانیانە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، هەندێکی چەکدارانی بیانی کە لە ڕێی ئاسمانی ئیستانبووڵ و لە ڕێی دەریاییشەوە، کە هەڵگری پاسپۆرتی ڕۆژئاوایین و خۆیان لەنێو هەزاران گەشتیاردا حەشارداوە، گەییشتوونەتە سووریا.
تورکیا کە 900کم سنووری لەگەڵ سووریای دراوسێیدا هەیە، پەڕینەوە لێی کارێکی ئاسان بووە، بە تایبەت کە دەستەڵاتدارانی تورکیا، لە قۆناخی یەکەمی ڕاپەڕینی سووریادا ماوەیەکی درێژە سیاسەتی کردنەوەی سنووریان پێڕۆ کرد بۆ ڕێدان بە ئاوارەکان بۆ چوونە نێو تورکیا و پشتیوانیی ئۆپزسیۆنی سووریایش.
پێدەچێ حیساباتەکانی ئەم سیاسەتە هەڵە بووبن و ئەو تۆمەتانەیشی بەدوای خۆیدا هێنان کە بە بێمەبەست یان شێوەیەکی دی پشتیوانیی توندڕۆ ئیسلامییەکان دەکات و حکوومەتی تورکیایش ڕەتیان دەکاتەوە، ئەمەیش ەب هۆی ئەوەوەیە کە ئەو وڵاتە بۆ ڕووخانی (بەشار ئەسەد) پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆن دەکات.
ئەو پێشڕەوییە خێرایەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییش، ئانکارا و هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی هەراسان کردووە و هانی داون، زانیاریی هەواڵگری بگۆڕینەوە و پەرە بە هەماهەنگیی ئەمنی بدەن.
دیپلۆماتکارێکی ئەورووپاییش لە ئانکارا، دەڵێ تورکیا "لە ئەولەویەتە لەپێشینەکانە" بە الی یەکیەتیی ئەورووپاوە و گوتیشی، "هەزاران ئەورووپایی بۆ گەییشتن بە سووریا چوونەتە نێو تورکیا و پێمان وایە ژمارەیەکی زۆریان چووبێتنە نێو گرووپە توندڕۆکانەوە."
ئەو دیپلۆماتکارەی نەیویستووە ناوی ببرێت هاوکات دەڵێ، "بە تایبەت لەم چەند مانگەی دواییدا بینیمان کە هەڵوێستی تورکیا توندە و ددانی نا بەوەی کە ئەمە مەترسیێکی چاوەڕوانکراوە بەسەر ئاساییشی نیشتیمانییان و ویستی خۆیان بۆ نانی زۆرترین هەنگاوی کردەنی لە ڕێی کەناڵەکانی هەواڵگری و پۆلیسەوە نیشان داوە."
بە گوتەی دیپلۆماتکارەکە و بەرپرسانی دی، هەماهەنگییەکە توندکردنی ڕێکاری ئەمنی و پشکنینی ئەو گەشتیارانەی لە ڕێی ئاسمانییەوە دەچنە تورکیا، بە هاوکاریی وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپا بێ و سنووریشی لەگەڵ سووریا توندوتۆڵتر بکات.
بەرپرسێکی تورکیاییش دەڵێ، لیستێکی هەزاران کەسییان هەیە کە پێوەست بە ئەوانەوە گومانیان لێ دەکرێ پێوەندی بە توندڕۆکانی سووریاوە بکەن، ئەمەیش لەسەر بنەمای زانیاریی بیانی و ، لە ساڵی ڕابردوویشدا ڕێی نەداوە چوارهەزار داخیلی تورکیا ببن.
چەکدارێکی غەیرە سووریایی کە لە ساڵی 2012-دا چووەتە نێو ڕیزەکانی چەکدارانی تورکیاوە دەڵێ، چەند جار سنووری بڕیوە و هاتوچۆی کردووە.
ئەو گوتوویەتی، "پێشتر سنوور کراوە بووە. بە ویستی خۆمان و زۆر بە سانایی لە تورکیا بۆ سووریا و بە پێچەوانەیشەوە هاتوچۆمان کردووە. پرسیارمان لێ نەکراوە. کاروانی چەکمان بە سانایی بۆ سووریا گوازتووەتەوە."
سەرباری ترس لە پەڕینەوەی توندڕۆ ئیسلامییەکان، پێشتر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانیی ڕۆژئاوایان هەبوو و ئەمەریکایش هەندێ هاوکاریی کردن.
تورکیا چەندان جار ڕەتی کردووەتەوە کە چەکدارە توندڕۆکانی داڵدە دابێ و چەکی پێ دابن. بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵین، لە 2005-ەوە تورکیا ئەو ڕێکخراوەی پێشوو کە ئێستا ناوی دەوڵەتی ئیسلامییە بە گرووپێکی تیرۆریستی زانیوە و (تەییب ئەردۆغان)-یش لە مانگی نۆڤەمبەرەوە، بەڵینی داوە کە بە هیچ جۆرێک ئاسانکاری بۆ ئەو گرووپانە نەکرێ کە هەر پێوەندیێکیان بە قاعیدەوە هەیە.
ئەو بەرپرسانە وایدەبینن کە مەترسی بەسەر ئاساییشی وڵاتەکەیانەوە هەیە و دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا 49 بارمتەی تورکیای دەستبەسەر کردوون کە لە ئاکامی هەڵکوتانە سەر کۆنسووڵخانەکەیان لە مووسڵ و دەستبەسەرداگرتنی بوو.
بەرپرسان هێما بە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەکەن کە لە شاری ڕقە گیراوە و ئەندامێکی دەوڵەتی تێیدا دەڵێ، دەوڵەتی ئیسلامی ئیستانبووڵ ئازاد دەکات، ئەگەر تورکیا بەنداوێک بۆ نێو ڕووباری فورات بەرنەداتەوە، هەر ئەمەیش هاندەر بوو وەزیرێکی حکوومەت وەڵام بداتەوە و بڵێ، تورکیا خۆی بەدەست یەو جۆرە هەڕەشانەوە نادات.
توندڕۆیێکی داعشیش لە سووریاوە بە ڕۆیتەرزی گوتووە، "دەوڵەتی ئیسلامی بۆ بەرجەستەکردنی شریعەتی خوا لێرەیە... حوکمڕانیی تورکیایش لەسەر بنەمای عەلمانییەتە نەک بنەمای شەرعی."
زیاتر گوتی، "ئەولەویەت لە ئێستادا بۆ لوبنان، سووریا، عێراق، فەلەستین و سعوودیەیە، دواتر نۆرەی تورکیایە."
زریان زیاد




