ناتۆ ئامادەیە هاوکاریی عێراق بکات

هەولێر-KDP.INFO- ئەمینداری گشتیی ناتۆ(ئەندرێس فۆگ ڕاسمۆسن) ئەمڕۆ سیشەممە، دەستتێوەردانی سەربازی بۆ پشتیوانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر بێت و حکوومەتی عێراق داوایان لێ بکات ئەوا ناتۆیش داواکەیان بە هەند دەگرێ. ئەمە بەپێی زانیارییەکانی دەیلی تەلەگرافی بەریتانیایی.
(ڕاسمۆسن) ڕایگەیاندووە، "هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ) هاوبەشیی لەگەڵ عێراقدا هەیە و ئەگەر عێراق بیەوێ ئەو هاوپەیمانەتییە بە شێوەیەیکی گەورەتر برەو پێ بدات، ئەوا باوەڕم وایە کە هاوپەیمانانی ناتۆ بنیاتنەرانە لە داواکەی دەڕوانن."
زیاتر گوتی، "لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بەر بە پێشڕەویی ئەوەی پێی دەگوترێ، دەوڵەتی ئیسلامی بگرێ، ئێمەیش پێشوازی لە وەشاندنی گورزی ئاسمانی لە چەکدارانی داعش دەکەین."
ئاماژەیشی دا کە، بڕیارەکانی ناتۆ دەربارەی وەشاندنی گورزی سەربازی، پێویستی ڕەزامەندیی کۆی ئەندامانی هەیە، ئەمەیش بەو واتایەیە کە بەریتانیا دژ بە ئیرادەی هاوپەیمانەتی ناوەستێتەوە.
زریان زیاد




