٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پێنج لیژنەی پەرلەمانی عێراق بەر کورد دەکەون، دووانیان سیادین

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.INFO-  پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە کۆی 26لیژنەی ھەمیشەییی پەرلەمانی عێراق، کورد پێنج لیژنەی بەردەکەون، کە دووانیان سیادین و یەکێکیشیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (رێناس جانۆ) بە KDP.INFOی راگەیاند: "لە پەرلەمانی عێراق 26لیژنەی ھەمیشەیی ھەیە و دابەش کراون بۆ سەر سێ گرووپ، گرووپی (A) و گرووپی (B) و گرووپی(C) کە گرووپی یەکەم پۆستە سیادییەکانن وەکو لیژنەی نەوت و غاز و یاسایی و دارایی و دەرەوە."
(جانۆ)دەشڵێت: "کورد پێنج لیژنەی بەردەکەون لە سیادییەکان دوو لیژنە و لە گرووپی دووەمیش دوو لیژنە و لە گرووپی سێیەمیش یەک لیژنە، کە لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت لە لیژنە سیادییەکان لە ھەر سێ لیژنەی دارایی و لیژنەی نەوت و غاز و دەرەوە دووانیان بدرێن بە کورد."
زیاتر ڕوونی کردەوە، "لە گرووپی دووەمیش دوو لیژنە بۆ کورد یەکلایی بوونەتەوە، کە ھەریەکە لە لیژنەی خوێندنی باڵا و تەندروستی، کە تەندروستی بۆ پارتیی دیموکراتی کوردستان دەبێت."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی راشیگەیاند: "لەو پێنج لیژنەیە دوو لیژنە بۆ پارتی و دوو لیژنەش بۆ یەکێتیی نیشتیمانی و لیژنەی گرووپی سێیەمیش بۆ کوتلەکانی دیکەی کوردی دەبێت.
ڕوونیشی کردەوە کە، ھەر کوتلەیەک وەزارەتێکی بەربکەوێت ھەمان لیژنەی لە پەرلەمان پێ نادرێت، چونکە پەرلەمان رۆڵی چاودێری دەبینێت."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار