٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ژەمەخۆراك و پێداویستی بەسەر 9000 پەنابەر و هێزی پێشمەرگەدا دابەش دەكات

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-kdp.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی رێكخستنی كاروباری پەنابەران لە سەرجەم كامپەكاندا، لە پارێزگای دهۆك دەست بە سەرژمێریكردنی سەرجەم پەنابەران دەكات و كارتی وەرگرتنی خۆراك و پێداویستییان بۆ دروست دەكەن. هاوكات لە درێژەی هەڵمەتەكانی دەزگادا خۆراك و پێداویستی و ژەمەخۆراك بۆ زیاتر لە 9 هەزار خێزانی پەنابەر و هێزی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان دروست دەكات.

رۆژی 23/8/2014 بە مەبەستی رێكخستن و سەرژمێریكردنی پەنابەرانی كەمپەكان لە پارێزگای دهۆك، بۆ یەكەمین جار لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هەڵمەتی ناونووسین و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر خێزانە پەنابەرەكانی شنگال و دەوروبەری دەستی پێ كرد، ئامانج لەو هەڵمەتەیش رێكخستنی ئیشوكارەكان و هەروەها دابەشكردنی كارتی وەرگرتنی خۆراك و داتاكردنی ژمارەی پەنابەرانە لە سەرجەم كامپەكاندا.
جگە لەو هەڵمەتە، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامن لە دروستكردنی خواردنی دوو ژەم بۆ پەنابەران لە كەمپی كەنداڵا 2100 خێزان سوودمەند بوون، هاوكات لە بامەڕنێ بە هەمان شێوە خواردنی خێرای وەك گۆشتی سوور و گۆشتی مریشكی لە قوتونراو و فاسۆلیا و دەیان جۆری دیكەیان بەسەر 1200 خێزاندا دابەش كرد.
لەلایەكی دیكەوە و لە ناحیەی شیلادزێ و شارۆچكەی شەقڵاوە تیمەكانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام خۆراك و پێداویستی بەسەر پەنابەرانی شنگالدا دابەش دەكەن، هاوكات لە ناحیەی شیلادزێ ئۆفیسی دەزگا بەردەوامە لەسەر دابەشكردنی معەلەبات و سەموون و قاپ و قاچاخ بەسەر خێزانە پەنابەرەكاندا، جگە لەوەیش لە ناحیەی مانگێشك و 33 گوندی سەر بە ناحیەكە تیمەكانی دەزگا هاوكارییان بەسەر 1200 خێزانی مەسیحی و ئێزدی دابەش كرد، جگە لە دابەشكردنی 700 بەتانی و دۆشەك بەسەریاندا، هەروەها لە ناحیەكانی ئامێدی و دێرەلووك و سەرسنگ بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی نان و معەلەبات و مرەباو شەكر و كێكیان بەسەر 3430 خێزانی ئاوارەی ئێزدی و مەسیحیدا دابەش كرد.
لەلایەكی دیكەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی و وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە خواردنی گەرم بۆ هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی (باشیك و خازر و گوێڕ و مەخموور) دروست دەكات، بۆ ئەمڕۆیش خواردنیان بۆ 2300 پێشمەرگەی هێزی پشتیوانی دروست كرد و لە رێگای تیمی تایبەتەوە رەوانەی میحوەرەكان دەكرێ. لە شارۆچكەی شەقڵاوەیش پاش كۆتاییهاتنی مانگی یەكەمی پڕۆژەی دابەشكردنی خۆراك بەسەر پەنابەراندا، دەست كرا بە دابەشكردنی خۆراكی مانگی دووەم بەسەر 7 هەزار خێزانی پەنابەردا كە رۆژانە 1000 خێزان بەشەخۆراكی مانگێكی تەواو وەردەگرن كە بریتییە لە 72 كیلۆگرام لە خۆراكی جۆراوجۆر.
لەلایەكی دیكە لە كەمپی بەحركە ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە لە رێگەی خواردنگەیەكەوە دوو ژەم خواردن بۆ زیاتر لە 2600 كەس دروست دەكەن و بەسەریاندا دابەش دەكرێت، جگە لە دابەشكردنی شیر و بەفر و پێداویستیی منداڵان بەسەر 450 منداڵی كەمپەكەدا، هاوكات لە كەمپی دارەشەكران كە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان، تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەستا بە دابەشكردنی كەلوپەل و پێداویستیی خاوێنكردنەوە بەسەر 2 هەزار خێزانی ناو كەمپەكەدا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار