زێباری: پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، پرسێکی تەواو عێراقییە.. زەریفی: ئێمە ڕیزی لێ دەگرین

هەولێر-KDP.INFO- وەزیری دەرەوەی عێراق(هۆشیار زێباری) ئەمڕۆ یەکشەممە داوای لە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتییش کرد، دەستوەرنەدەنە بڕیاری عێراقییەکان و جەختی کردەوە، تەنیا سیاسییە عێراقییەکان خۆیانن کە حکوومەتی پێک دێنن، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئیران گوتی کە، وڵاتەکەی دەست لە بژاردەی عێراقییەکانەوە وەرنادات و ئەمە پرسێکی تەواو عێراقییە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی(محەممەد جەواد زەریفی)، کە ئەمڕۆ لە بەغدا ساز درا، (زێباری) گوتی، "سیاسییە عێراقییەکان خۆیانن کە حکوومەتەکەیان پێک دێنن، نەک ئێران یان ئەمەریکا، یاخود هەر وڵاتێکی دی"، جەختیشی کردەوە، "من وەک سەرۆکی شاندی هاوپەیمانیی کوردستانی بۆ دانوستان، بۆ گەییشتن بە ئەنجامێکی حەقیقی ڕۆژانە لە دانوستان داین."
(زێباری) هاوکات سوپاسی حکوومەتی ئێرانی کرد لە بەرانبەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانی بەرانبەر بە عێراقییەکان و دژ بە داعش.
گوتیشی ئێستا واقیعێکی نوێ لە ناوچەکە هەیە، ئەمەیش پاش دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی لە ڕووی مرۆییەوە بۆ باکووری عیراق، ئەمەیش پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتی و هەرێمی و عەرەبی هەیە، بۆ تێکشکاندنی ئەو گرووپانە کە دەیانەوێ ئیسلام بۆ ئامانجی ئەهریمەنی بقۆزنەوە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران(محەممەد جەواد زەریفی) گوتی، "بژاردەی خەڵکی عێراق لای ئێمە ڕێزی لێ دەگیرێ"، جەختیشی کردەوە "ئێران پێشتریش نەیکردووە و ئێستایش دەستوەرناداتە بژاردەی گەلی عێراق."
وەک ئەو گوتی، بۆ ئەوە هاتووەتە عێراق تا پشتیوانی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بکات، گوتیشی، "عێراق و ئێران پیوەندیێکی توند پێکەوەیان گرێ دەدا."
زیاتر گوتی کە وڵاتەکەی "بە هێندەی پشتیوانیی حکوومەتەکەی (مالیکی)، پشتیوانییش لە حکوومەتی نوێی (عەبادی) دەکات."
(زەریفی) هاوکات ڕەتی کردەوە کە، تاران سەربازی ناردبێتە عێراق تا شەڕی دژ بە داعش بکات، ڕوونیشی کردەوە، "پێمان وایە برا عێراقییەکانمان کورد و عەرەب توانای تەواویان هەیە بەرگری لە خاک و کەرامەتیان بکەن و دژبە تیرۆر بوەستنەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها دەڵی، تاران لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و هەولێر هەماهەنگی دەکا بۆ ئەو کردەوانەی کە تەنیا هەڕەشە نین بۆ عێراقییەکان بە کورد، سوننە و شیعەوە، بەڵکە هەڕەشەن بە سەر تەواوی کۆمەڵگەی عێراقی و ناوچەکە بە گشتی و بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییشەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆ دیدار و کۆ بوونەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکوومەتی عێراقدا، ەب سەردانێکی فەرمی گەییشتە بەغدا.
زریان زیاد




