توركیا ئاوارە سووریاییەكان ڕەوانەی وڵاتی خۆیان دەكاتەوە

ئانكارا-kdp.info- حكوومەتی توركیا بڕیاری داوە ئەو ئاوارە سووریاییانەی لە كەمپەكان نامێننەوە، ڕەوانەی سووریایان بكاتەوە.
دوای پەرە سەندنی ناكۆكییەكانی نێوان هاووڵاتیانی توركیا و ئاوارە سووریاییەكان لە چەندین شاری توركیا بە تایبەتی لە شاری عەنتاب، حكوومەتی توركیا چەندین رێوشوێنی توندی لە بەرانبەر ئاوارە سووریاییەكان گرتە بەر.
لەم بارەیەوە كەناڵی ئێن تیڤی بڵاوی كردەوە كە، وەزارەتی ناوخۆی توركیا بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئاوارە سووریاییەكان و هەروەها ئاڵۆزی و پێكدادانەكانی نێوان ئاوارە سووریاییەكان و هاووڵاتیانی توركیا بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا (بەشیر ئاتاڵای) كۆبوونەوەیەكی ئەنجام داوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە ئەو ئاوارە سووریاییانەی لە نێو كەمپە تایبەتییەكاندا نامێننەوە، ڕەوانەی سووریا بكرێنەوە. هەروەها بڕیار دراوە ئەوانەی كە لە شارە جیاجیاكانی توركیا سواڵ دەكەن و ئەوانەی كە لە شەڕ و پێكدادانەكاندا بەشدار بوون، ڕەوانەی وڵاتی خۆیان بكرێنەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی ئەوە كراوە كە لەمەودوا بۆ ئەوەی ژمارەی ئاوارە سووریاییەكان لە توركیا زیاتر نەبێت، توركیا سنوورەكانی خۆی دادەخات و رێگری لە هاتنی ئاوارەی سووریا بۆ نێو سنوورەكانی دەكات.
هیوا ئەردەلان




