پاش ڕۆژێک لە هێرشکردنە سەر مزگەوتێکی سوننەکان، خۆکوژێک خۆی بە دەستگای هەواڵگریدا تەقاندەوە

ههولێر-KDP.info- پۆلیس و سەرچاوە پزیشکییەکانی عێراقی دەڵێن، ئەمڕۆ شەممە خۆکوژێک بە ئۆتۆمێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە هەڵیکوتایە سەر ناوچەی کەڕڕادەی بەغدا و خۆی بە بارەگای هەواڵگریدا تەقاندەوە و بە هۆیەوە لانی کەم 39 کەس لە کوژار و برینداری لێ کەوتووەتەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئۆتۆمێلە بۆمڕێژکراوەکە کە خۆکوژێک لێیدەخوڕی و نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی کەڕڕادەی نێوەڕاستی بەغدا بارەگای دەستای هەواڵگری کردە ئامانج، لانی کەم 7 کەس کوژراون و 32-ی دیکەیش بریندار بوون.
ئەم هێرشە تەنیا پاش ڕۆژێکە لەو هێرشەی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر مزگەوتی گوندێکی پارێزگای دیالە و لە ئاکامدا 68 کەس لەوانەی کە لەو مزگەوتەدا نوێژیان دەکرد کوژران، هەر ئەمەیشە کە ئەگەری هێرشە خۆکوژییەکان زیاد ببن لە کاتێکدا کە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو کە توانای بەرەوڕووبوونەوەی داعشی هەبێ، چڕ کراونەتەوە.
زریان زیاد




