ئەمەریکا گورزوەشاندنەکانی فراوانتر دەکات.. مۆڵگەکانی داعش لە سووریایش دەکاتە ئامانج

هەولێر-KDP.INFO- کۆشکی سپی، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، وڵاتە یەکگرتووەکان ئامادەیە ڕێکاری دیکە دژ بە چەکدارانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، کە ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییەکەیان سەر بڕی، بگرێتە بەر و چی دی بە سنووری نێوان عێراق و سووریاوە وابەستە نابێ.
گورزوەشاندنەکانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا تەنیا مۆڵگەکانی داعشیان لە عێراق دەکردە ئامانج، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکایی ڕوونیان کردەوە کە، لە ئێستادا لەوە دەکۆڵنەوە کە جەنگ دژ بە ئەو گرووپە بۆ سووریایش بگوێزنەوە کە بارەگاکانی دەوڵەتی ئیسلامی لێن.
جێگری ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی(بن ڕۆدس) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادەیە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی هەنگاو بنێ.
زیاتر گوتی، دەوڵەتی ئیسلامی بووەتە مەترسیێکی زۆر گەورەتر لەوەی کە بەر لە شەش مانگ هەبووە.
بەرپرسانی ئەمەریکایی ئەم هەفتەیە هەوڵێکی شکستبردوویان بۆ ڕزگارکردنی بارمتە ئەمەریکاییەکانی دەست داعش ئاشکرا کرد.
(بن ڕۆدس)-یش دەڵێ، وڵاتە یەکگرتووەکان، بۆ ڕزگارکردنی بارمتە ئەمەریکاییەکان کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەستبەسەری کردوون، هەرچی لە دەستی هاتبێت کردوویەتی و لە هەوڵەکانیسی بەردەوام دەبێ.
زریان زیاد




