٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئێران ڕەتی دەکاتەوە، هاوکاریکردنی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و دۆسێی ناوکی پێکەوە گرێ دابن

سەرچاوە: KDP.info
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران(جەواد زەریفی)

هەولێر-KDP.INFO-  ئێران ڕەتی دەکاتەوە کە، هاوکاریکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە پێشوەچوونی دانوستانی دۆسێی ناوکییەوە گرێ دابێ و گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێ، ئەو ڕاپۆرتانەی دەربارەی هاوکاریی نێوان ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراقەوە بڵاو کراونەتەوە ڕاست نین.

چوارشەممەی ڕابرد، فەڕەنسا کە ئەندامی گرووپی 5+1(چین، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فەڕەنسا، ڕووسیا و ئەڵمانیا)ـیـە، بەشداری دانوستانەکانی لەگەڵ تارانە، داوای لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێرانیش کرد، هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان کە بەم دواییە، دەستیان بەسەر پانتاییێکی فراوانی هەردوو وڵاتی سووریا و عێراقدا گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ئاژانسەکانی ئێرانیش، گوایە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە جەختی کردووەتەوە کە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوەی بە ناو (دەوڵەتی ئیسلامی)، بە کردەنی لەگەڵ هەندێ وڵاتی ئەورووپاییدا دانوستان دەستی پێ کردووە.
هاوکات لەسەر زاری (زەریفی)ـیـەوە کە قسەی بۆ تەلەڤزیۆنی وڵاتەکەی کردووە، بڵاو کرابووەوە، "ئەگەر قبووڵمان بێ لە عێراقدا کارێک بکەین، ئەوا لەسەر لایەنی دیکە لە دانوستان(وڵاتانی 5+1) پێویستە لە بەرانبەردا شتێک بکات."

بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران(مەرزییە ئەفخەمی) جەختی کردەوە کە، "ئەو ڕاپۆرتانە خراپ تێگەیشتنن لە لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئێران و لە ڕاستییەوە دوورن."

پێگەی ئەلیکترۆنیی ئاژانسی ئێران تا ئەمڕۆ هەینییش، لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی هەڵنەگرتووە، بەڵام وەک ڕۆیتەرز لێی کۆڵیوەتەوە، وشەی عێراقی لە نێو ڕاپۆرتەکەدا سڕیوەتەوە، هەڵبەت ئاژانسی میهر کە نیمچە فەرمییە، لێدوانی (جەواد زەریفی) دەربارەی هەمان پرس بە هەبوونی وشەی عێراق بڵاو کربووەوە.

 

زریان زیاد

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار