داعش، لە ڕۆژێکدا سێ ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە.. وەها بڕوات لە ساڵێکدا ملیارێک دۆلاری دەست دەکەوێ

هەولێر-KDP.INFO- بە هۆی ئەو پێشڕەویکردنە بێوێنەیەی داعش لە مانگی حوزێرانی ڕابردوودا، کە دەکات دوو مانگ بەر لە ئێستا، توانیویەتی بازاڕێکی ڕەش بۆ بە بازاڕکردنی نەوتی خاوی عێراق تایبەت بە خۆی بنیات بنێ.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، داعش پاش دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەکی بەرفراوانی باکووری عێراق، بە تایبەت پارێزگای مووسڵ، لە ئێستادا چوار سەرچاوەی نەوتی لەو پارێزگایە هەن، لە کەرکووکیش چەند سەرچاوەکەی هەن کە دەتوانی لە ڕێیانەوە ڕۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوتی هەبێ، ئەگەر وەهایش لێگەڕێن بازرگانی بە نەوتەوە بکات، داعش دەتوانێ لە ساڵێکدا ملیارێک دۆلاری لە فرۆشتنی نەوتی عێراق دەستکەوێ.
بەڵام بە هۆی هاوکاریی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکاوە، کورد توانیویەتی داعش لە سنووری کەرکووک دوور بخاتەوە و مەترسییەکانی بەسەر نەوتی ئەو پارێزگایەوە نەهێڵێ.
ئەو نەوتەیش کە داعش لە بازاڕی ڕەشدا دەیفرۆشێت، نرخی هەر بەرمیلێکی لە نێوان 45 بۆ 60 دۆلاری ئەمەریکاییە، ئەمیش لە کاتێکدایە کە نرخی هەر برمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، 100 دۆلار و کەمێک زیاتریشە.
داعش هاوکات لە سووریایش لەو چەند ساڵەی قەیرانەیدا و بە هۆی دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتییەوە، مامەڵە بە سەرچاوەکانی وزەی ئەو وڵاتەیشەوە دەکات، ئەمەیش بە تایبەت پاش ئەوە دێت کە دەستیان بەسەر گەورەترین کێڵگەی نەوت لە دێرئەلزوردا گرت لە سەرەتاکانی مانگی حوزێراندا.
پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا(عەلی ئەدیبئۆغڵو)-یش دەڵێت، داعش لە فرۆشی نەوتدا، 800 ملیۆن دۆلاری لە تورکیا دەست دەکەوێت.
سی ئێن ئێن- زریان زیاد




