٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

تاران بە مەرجی لادانی سزا نێودەوڵەتییەکان، شەڕی داعش دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  مێدیاکانی ئێران لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان(محەممەد جوادزەریفی)ـیـەوە بڵاویان کردووەتەوە، ئێران پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات کە بەرەوڕووی داعش ببێتەوە، بەڵام لە بەرانبەردا دەیەوێ پێشوەچوون لە پرسی دانوستانی ناوکیدا لەگەڵ وڵاتە گەورەکان بێتە کایەوە.
هەر ئێوارەی دوێنێیش، سەرۆککۆماری ئێران(حسەن ڕۆحانی) جەختی کردەوە کە، حکوومەتەکەی بە جیددی لەگەڵ وڵاتە گەورەکاندا درێژە بە دانوستانەکانی دەدات و، ئەگەر ئەو پرسە یەکلا ببێتەوە، خۆی ڕاستەوخۆ دانوستانەکان بەڕێوە دەبات، ئەمەیش لەپێناو لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکانی بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێندراون.
چوارشەممەی ڕابرد، فەڕەنسا کە ئەندامی گرووپی 5+1(چین، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فەڕەنسا، ڕووسیا و ئەڵمانیا)ـیـە، بەشداری دانوستانەکانی لەگەڵ تارانە، داوای لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێرانیش کرد، هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان کە بەم دواییە، دەستیان بەسەر پانتاییێکی فراوانی هەردوو وڵاتی سووریا و عێراقدا گرتووە.
ئێران جەختی کردووەتەوە کە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوەی بە ناو (دەوڵەتی ئیسلامی)، بە کردەنی لەگەڵ هەندێ وڵاتی ئەورووپاییدا دانوستان دەستی پێ کردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئێرانیش. لەسەر زاری (زەریفی)ـیـەوە کە قسەی بۆ تەلەڤزیۆنی وڵاتەکەی کردووە، بڵاوی کردووەتەوە، "ئەگەر قبووڵمان بێ لە عێراقدا کارێک بکەین، ئەوا لەسەر لایەنی دیکە لە دانوستان(وڵاتانی 5+1) پێویستە لە بەرانبەردا شتێک بکات."
هاوکات ئاژانسی هەواڵی میهر، هەر لە زاری (زەریفی)ـیـەوە بڵاوی کردووەتەوە کە، "ئەوەی کە لەسەرمان پێویستە لە عێراق ئەنجامی بدین، هێشتا ڕوون نییە، هەروەها ئەوەی کە لەسەر ڕۆژئاوا پێویستە لە بەرانبەردا بیکات، بەدیهاتنی قورسە."
جارێکی دی داوای لادانی تەواوی سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا و ئەورووپای کرد، کە لەپێناو وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکی بەسەریاندا سەپاندووە. گوتیشی "لەسەر وڵاتانی 5+1 پێویستە، بۆ لادانی سزاکانی سەر ئێران، بڕیارێک لە ئەنجوومەنی ئاساییش دەربکەن."

ئاژانسەکان.. زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار