سبەی شاندی دانوستانكاری كورد لە بەغدا كۆ دەبێتەوە

بەغدا-kdp.info- ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری كورد دەڵێت، بڕیارە سبەی لە بەغدا یەكەم كۆبوونەوەی خۆیان بۆ ئامادەكردنی كارنامەی كورد ساز بدەن و دواتر دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا دەكەن.
ئەندامی شاندی دانوستانكاری كورد (زانا رۆستایی) بە kdp.info-ی راگەیاند، دوای پێكهێنانی شاندی دانوستانكاری كورد، بڕیار بوو ئەمڕۆ لیژنەكە یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە بەغدا بۆ ئامادەكردنی كارنامەی كوردی بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكاندا لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقەوە ئەنجام بدات، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ سبەی دوا خرا.
(رۆستایی) ڕوونیشی كردەوە، دوای كۆبوونەوەكە لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراق دانیشتن دەكەن ئەمەیش بۆ چۆنیەتیی دەستپێكردنی گفتوگۆكانە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "پێشتر لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد كۆمەڵێك گفتوگۆ كراوە، ئێمەیش ئەو گفتوگۆ و بیرۆكانە دەكەینە كارنامەی لیژنەی خۆمان".
شاندی دانوستانكاری كورد، گۆرانكاریی بەسەردا هاتووە و لە ئێستادا (هۆشیار زێباری) نوێنەری پارتیی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی لیژنەكەیە، (زانا رۆستایی) نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی و (جەلال جەوهەر) نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕانە، هەروەها (نەجیب باڵەتەیی) نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی و (فریاد رەواندزی)ـیش نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
بڵند ئیبراهیم




