جۆن مەکین: دەبێ گورزوەشاندن چڕتر و کوردیش پڕچەک بکەین

هەولێر-KDP.INFO- سیناتۆری پارتیی کۆمارییەکان(جۆن مەکین) داوا دەکات وەشاندنی گورزی سەربازی ئەمەریکا لە ئامانجەکانی ڕێکخاروی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق زیاتر بکرێن و پێویستیشە ئەو هێرشانە سووریاییش بگرنەوە. هاوکات داوا دەکات کوردانی عێراق پڕچەک بکرێن.
ئەو سیناتۆرەی پارتیی کۆمارییەکان، دەربارەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییەکە، دوێنێ چوارشەممە بە ڕۆیتەرزی گوتووە، دەبێ ئەو پرسە، خاڵی وەرچەرخانی سەرۆک (باراک ئۆباما) بێت پێوەست بە چۆنیەتیی مامەڵەی لەگەڵ ئەو گرووپەدا.
زیاتر گوتی، "بەر لە هەر شتێک، دەبێ گورزوەشاندنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکرێن. هەروەها دەبێ ئەو گورزانە لە سووریایش ئامانجی خۆیان بپێکن."
(مەکین) ڕاشیگەیاند، وەشاندنی گورزی سەربازی لە سووریا پێویستیێکە، چونکە چەکدارە توندڕۆکان کاتێ دەستیان بەسەر مووسڵدا گرت، چەک و پێداویستیی سەربازییان دەست کەوتووە و ڕەوانەی سووریایان کردوون.
زیاتر دەڵی، "دەبێ بیانشکێنین.. نەک ڕایانبگرین."
پێوەست بە بڕیاری ڕەوانەکردنی چەک، ئەو سیناتۆرەی ئەریزۆنا دەڵی، دەبێ وڵاتە یەکگرتووەکان کوردانی عێراق پڕچەک بکات و هاوکاریی ئاشتەوایی شیعە و سوننەیش بکات.
زریان زیاد




