٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرۆكی فەڕەنسا: پێشنیازی سازدانی كۆنگرەیەك دەربارەی جەنگی دژ بە داعش دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆكی فەڕەنسا (فڕانسوا هۆلاند) ڕایگەیاند، بەم زووانە پیشنیاز بۆ سازدانی كۆنگرەیەك دەربارەی ئاساییشی عێراق و جەنگی دژ بە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەكەن. ئاماژەیشی دا كە، دۆخی نێودەوڵەتی لە ئێستادا لە هیی ساڵی 2001 مەترسیدارترە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، (هۆلاند) لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسایی جەختی كردووەتەوە، "پێویستە لەسەرمان ستراتیژێكی تۆكمە دژ بە ئەو گرووپە دابڕێژین، كە خەریكە ببێتە قەوارەیەكی ڕێكخراو و لە زۆر لاوە پارەی دەدرێتێ و چەكی پێشكەوتووی هەیە و هەڕەشە لە وڵاتانی وەك عێراق، سووریا و لوبنان دەكات."
زیاتر گوتی، "بەم زووانە بۆ هاوپەیمانانمان پێشنیاز دەكەم كە كۆنگرەیەك دەربارەی دۆخی یاساییش لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ساز بدرێت". ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە بەرەوڕووی بزووتنەوەیەكی تیرۆریستیی وەك قاعیدە نەبووینەتەوە، بەڵكە بەرەوڕووی نیمچە دەوڵەتێكی تیرۆریستین". جەختیشی كردەوە، "لەبارەی دەستوەردان و دەستوەرنەدانە ئەو دۆخە، نابێ تەنیا بە ئەوەندە كۆتایی بەو گوتووێژە كلاسیكە بێنین."
بەڵام وەك فڕانس پرێس باسی لێ دەكات، دەقی دیمانەكەی لە سەرۆكایەتیی فەڕەنسا بڵاو بووەتەوە و لەگەڵ ئەوەی ڕۆژنامەكەدا كەمێك جیاوازی هەیە، دەقەكەی سەرۆكایەتی دەڵێ، "سەرۆكی فەڕەنسا پێشنیازێك بۆ بەستنی كۆنگرەیەك دەربارەی دۆخی ئاساییش لە عێراق و بەرەوڕووبوونەوەی ئەو ڕێكخراوە توندڕۆیە لە ئەیلوول-سەپتەمبەر پێشكەش دەكات."
هەفتەی ڕابرد، فەڕەنسا ڕایگەیاند كە، بە چەكی پێشكەوتوو و دژبە داعش، كورد پڕچەك دەكات. دەربارەی كەمیی كاریگەریی (سەرۆك ئۆباما)-یش لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، سەرۆكی فەڕەنسا گوتی، "بەدەست ئەو هێزە زەبەندەی ئەمەریكا و دەستێوەردانییەوە شەكەت بووین، بۆیە لە دۆخێكدا نین پارێزبەندیی (ئۆباما) بە هەند بگرین."

(فڕانسوا هۆلاند) هەروەها دەڵێ، "باوەڕم وایە كە دۆخی نێودەوڵەتی لە ئەمڕۆدا لە هیی ساڵی 2001 مەترسیدارترە و دەبێ جیهان درك بەمە بكات."
ئاماژەیشی دا، "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسارەتیی مەترسیی جیددی دەربارەی ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات دەكەوێتە ئەستۆ."
زیاتر گوتی، "ئەگەر بەر لە دوو ساڵ لە پێناو پرۆسەی ڕاگوزەردا هەنگاومان بنایە، بەرەوڕووی دەوڵەتی ئیسلامی نەدەبووینەوە. ئەگەر پار لە بەرانبەر بەكاربردنی چەكی كیمیاوی لە لایەن ڕژێمی (بەشار ئەسەد)-ەوە پەرچەكرداری توندمان هەبووایە، ناچار نەدەبووین بكەوینە دۆخی ئەو بەربژارە تۆقێنەرە، لە نێوان دیكتاتۆرێك و گرووپێكی تیرۆریستدا، ئەمە لە كاتێكدا كە ئۆپۆزسیۆن هەموو پشتیوانییێكی ئێمەیان پێ ڕەوا دەبینرێت."

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار