ئاتاڵای: ئاڵۆزییه‌كانی لجێ به‌شێكن له ئاژاوه‌گێڕیی قۆناخه‌كه

ئانکارا-KDP.INFO- جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا (به‌شیر ئاتاڵای) له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی پەیکەری ئه‌ندامێكی په‌كه‌كه له شارۆچكه‌ی لجێی سه‌ر به دیاربه‌كر و سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی، رایگه‌یاند كه ئه‌و ئاڵۆزییانه "به‌شێكن له ئاژاوه."
ئاتاڵای رایگه‌یاند كه له‌گه‌ڵ پارتیی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) كۆ بوونه‌ته‌وه و ئه‌وانیش به هیچ شێوه‌یه‌ك زانیاری‌یان له‌سه‌ر رووداوه‌كه نییه و ڕه‌زامه‌ندیشیان ده‌رنه‌بڕیوه.
جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه هیچ كه‌سێك ئاگاداری رووداوه‌كه نه‌بووه تا بووەته هه‌واڵی ئه‌و میدیایانه‌ی كه "دڵگرانن به پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ریی."
(ئاتاڵای) گوتی: "ئه‌م جۆره رووداوانه قبووڵ نه‌كراوه و ئه‌وه‌ی پێویست بێ ده‌كرێ، به داخه‌وه زۆر لایه‌ن هه‌ن كه دڵگرانن به پڕۆسه‌ی قۆناخه‌كه به تایبه‌تی له ناو سیاسه‌ت و هه‌ندێ میدیا كه به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی به‌مجۆره، قۆناخه‌كه به لاڕێدا دەبە‌ن و به شكستخواردوو ناوزه‌دی ده‌كه‌ن."
له‌باره‌ی به‌رواری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه رایگه‌یاند، كه به‌رده‌وامن له تاوتووكردنی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی نوێ له‌باره‌ی قۆناخی چاره‌سه‌ری و له‌م هه‌نگاوه‌شدا ده‌سته‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كان فراوان ده‌كرێ، بێجگه له میت، راوێژكارانیش به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كه‌ن.
(ئاتاڵای) روونیشی كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر پێویست بكا، توركیا له‌گه‌ڵ قه‌ندیل و لایه‌نانی دیكهی‌ش كۆ ده‌بێته‌وه، چونكه ئێستا له هه‌وڵی دیاریكردنی دواهه‌نگاوه‌كانی قۆناخه‌كه‌ن.
له‌باره‌ی پێكهێنانی ده‌سته‌ی چاودێریی قۆناخی چاره‌سه‌ری، (ئاتاڵای) رایگه‌یاند كه، داوای له‌مجۆره كراوه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه وه‌ك میكانیزمێكی قۆناخه‌كه باسی لێ بكرێ، به‌ڵام بڕیاری هێشتا كۆتایی نه‌دراوه.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه، حكوومه‌تی توركیا ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی به‌جێ هێناوه و ئیتر چاوه‌ڕێی هه‌نگاوی قه‌ندیل ده‌كه‌ن.
(ئاتاڵای) گوتیشی، بەپێی نەخشەڕێگە، چاوه‌ڕێی داماڵینی چه‌ك، قۆناخه‌كانی گه‌ڕانه‌وه له‌ناو په‌كه‌كه و كه‌مپی مه‌خموورەوە بۆ ماڵەکانیان و، به‌سه‌ربردنی ژیانێكی ئاسایی ئه‌و كه‌سانه له توركیا ده‌كه‌ن.
جێی بیر هێنانەوەیە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، لە گوندێکی نزیک لجێ و بە هۆی لادانی پەیکەرێکی دامەزرێنەرێکی پەکەکە کە بە هەڵگیرسێنەری یەکەم شەڕ بەرانبەر بە تورکیا ناو براوە و لە ساڵی 1988-یش هەر بە دەستی سەربازانی تورکیا کوژراوە، خۆپێشاندان ساز درا و دواتر لە نێوان ئەوان و پۆلیسدا پێکدادان دروست بوو و بە هۆیەوە سێ کەس بریندار بوون و قوتابیێکی تەمەن 20 ساڵانیش کوژرا.
بە دەستکارییەوە- لە ئانادۆڵەوە




